ئاشتی کۆچەر هەر دەڕۆینەوە شنگال نامانەوێ خوێن بڕژێ

 


بەرپرسی لقی 17ـی پارتی لە شنگال بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پەکەکە چەندین ساڵە لە شنگال رێگری دەکات، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی بچنەوە شنگال و ناشیانەوێت "خوێن بڕژێت."

رۆژی شەممە 02-10-2021 ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "پەکەکە چەندین ساڵە بووەتە رێگر لە دەڤەری شنگال، کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت حەقی بەربژێرەکانە بچنە سنوورەکانی خۆیان و بانگەشە بکەن، بەڵام بەداخەوە، سەرانی پەکەکە تاوەکو دوێنێ رێگەیان بەو کەسانە دەدا کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان دەکرد، بەڵام بۆچی رێگری لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن. ئەمەش هەر لەبەرئەوەی پارتی خاوەنی شنگال و خاوەنی کوردستانە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرپرسی لقی 17ی پارتی دەڵێت، "ئێمە پارتێکی راستەقینەین و خۆناچەمێنین و رۆژانی داهاتوو بە سەربەرزی دەچینە شنگال، ئەگەر هەر ناحەزێکیش هەبێت ئێمە گوێ بەوە نادەین و هەر دەچینە شنگال."

 

ئاشتی کۆچەر دەشڵێت "پەکەکە بووەتە رێگر بۆ ئەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە شنگال جێبەجێ نەبێت، ئەوەش یەکێکە لەو خاڵانە و ئێمەش دوو رۆژە کارمان لەسەر ئەوە کردووە بچینە شنگال و خەڵکی ئێمەش لە شەرەفەدین ئامادەبوون، بەڵام بەداخەوە پەکەکە رێزیان لە سەروەری خاکی عێراق نەگرت."

 

بەرپرسی لقی 17 پارتی لە شنگال گوتیشی "ئێستا پەکەکە بووەتە جاشی حەشدی شەعبی. ناشمانەوێت خوێنی گەنج و خوشکی ئێمە بەدەستی ئێمە بڕژێت، ئەوەی بەسەر خەڵکی شنگال هاتووە با بەس بێت. کاتێک پارتی هەبوو هەموو خزمەتگوزارییەک لە شنگال هەبوو، بەڵام پەکەکە رێگەنادەن ئێمە بگەڕێنەوە شنگال. بەڵام دڵنیابن لە داهاتوودا ئێمە هەر دەچینەوە شنگال."

ئاشتی کۆچەر پێیوایە "پەکەکە کوردستانی باکوور و کوردستانی باشووریان تێکدا." دەشڵێت "ئەوانەی ئێمە بەربژێرمان کردوون کەسانی چالاک و باشن و قوتابی قوتابخانەی بارزانین."

لێدوانەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، شەڕڤانان و لایەنگرانی یەبەشە لە دەروازەی گوندی گوهبەل رێگرییان لە چوونی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی 17ـی پارتی کرد و رێگەیان نەدا بچنە مەزارگەی شەرەفەدین بۆ بانگەشەی خۆیان لە شنگال. بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونیش بە وەکالەت گوتی، "خەڵکی سڤیل رێگە نادەن."


أحدث أقدم

نموذج الاتصال