فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ده‌نگۆیه‌ك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌


 فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ده‌نگۆیه‌ك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌



ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل بڵاو كردەوە.


لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە كە ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل گوایە لە حکوومەتی فیدراڵ بە ٥٠ هەزارە و لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ١٢٠ هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیان، دوای تاوتوێکردنی ئەم پرسە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، ڕاستی بابەتەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:


یەکەم: بە ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیار دراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێکی نوێ و یەکگرتوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق دروست بکرێتەوە. بەشێکی ئەم پرۆسەیە لابردنی ناوی شارەکانە و لە بری شارەکان کۆد بۆ هەر شارێک داندراوە و دەستەواژەی (KR) کە کورتکراوەی (Kurdistan Region- هەرێمی کوردستان)ە بۆ یەکەم جار دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە خۆی دەستکەوتێکی گرنگە و هاوتەریبە لە گەڵ پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان. لە پاڵ ئەمەشدا چەند جۆرێک کۆدی ئاسایشی و پارێزگاری لە ساختەکردن خراوەتە ناو ئەو تابلۆیە و لە کۆمپانیایەکی ناوداری ئەڵمانییەوە دیزاین و چاپ دەکرێت. بە هۆی ئامادەکاری خێرای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا پرۆسەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و دیار نییە بەغدا پێویستی بە چەند کاتی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو سیستمە تەواو بکات. واتا پێویستە هاووڵاتیان بزانن کە لە بنەڕەتدا لە بەغدا جارێ ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە کار تا بەراوردی نرخ بکرێت.


دووەم: لەبارەی نرخی تابلۆکان، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەی ڕێک خستووە بە ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کە بە (ڕێنمایی دیاریکردنی شێواز و قەبارە و رەنگ و ناوەڕۆکی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان) ناسراوە و لە ژمارە ٨٢ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢ بڵاو کراوەتەوە. بە گوێرەی ئەحکامە داراییەکانی ئەو رێنماییە کە لە ماددەی ١١ ڕوون کراوەتەوە، نرخی جوتێک تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنها (٦٠ هەزار دینارە) و لە پاڵیدا رسوماتی دیکەی وەکو (٥ هەزار دینار بۆ لێدانی برغو و سیکیوریتی تابلۆکان ) و ( ١٠ هەزار دیناریش رسوماتی پرۆسەکەیە) وەردەگیرێت. واتا کۆی گشتی کڕین و لێدانی دوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل (تەنیا ٧٥ حەفتا و پێنج هەزار دینارە).

لەبارەی بڕی ١٢٠ هەزار دینار، کە بە چەواشەکاری باس کراوە و بەراوردکاری پێ کراوە، ئەمەشیان لە خاڵی پێنجەم لە ماددەی ١١ ی ڕێنمایی سەرەوە ڕوون کراوەتەوە. ئەو کەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بکەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرامبەر کە دەکاتە (١٢٠هەزار دینار) بۆ جووتێک تابلۆ بدەن و رسوماتی دیکەی بورغو و پێشکەشکردنی پرۆسەکە کە (١٥ هەزارە) بدەن. بۆیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی کۆی پرۆسەکە (٧٥ هەزار دینارە).


سێیەم: ئایا لە بەغدا ٥٠ هەزار بۆ تابلۆ وەردەگیرێت؟ بۆ زانیاری هاووڵاتیانی خۆشەویست، حکوومەتی فیدراڵ جارێ دەستی بە پرۆسەی جێبەجێکردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نەکردووە تا بڕی پارەکە دیار بێت. ئەوەی ئێستا هەیە سیستەمی کۆنە و نرخی تابلۆی کۆن ٥٠ هەزارە و جاران لێرەش هەمان نرخ بوو. ئەوەش پێویستە بگوترێت کە لە ئێستادا حکوومەتی فیدراڵ پلێتی تابلۆی کۆنیشی نەماوە و ئەو بڕە ٥٠ هەزار دینارە لە بەرامبەر کاغەزێکی ئەی فۆڕە کە ژمارەکەی لەسەر دەنووسرێت و شوفێر ناچارە لە جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بدات.


ئەو جۆرە بەراوردکارییەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری پێویست و ڕاست و دروست بخەنە ڕوو، کاری ئەوان بووەتە رەخنەی ڕووخێنەر و ئەو کارەیان کردۆتە پیشەی خۆیان و هەمیشە لە بۆسەدان بۆ ئەوەی زانیاری ناراست و چەواشەکار دەرخواردی خەڵکی ئازیزی کوردستان بدەن.


قەرەباڵغی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی شارەکان بە دوو دەوامەوە (بەیانیان و ئێواران) نیشانەی دڵخۆشی و پێشوازی خەڵکی کوردستانە لەو پرۆسەیە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال