پەرلەمانی ئوروپا : دوو بەرپرسی باڵای ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانی


یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی رایگەیاند "وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی بە هۆکاری ناردنی ئەو مووشەک و درۆنانەی کە دژی ئیسرائیل و ئۆکراین، هەروەها لە لایەن حووسییەکانەوە لە دەریای سوور دژی کەشتییەکان بەکار ئەبرێن، کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانەوە".

پێشتر لەلایەن دیپلۆماتەکانی یەکێتی ئەوروپاوە راگەیەندرابوو کە محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران لە لیستی گەمارۆکاندایە، بەڵام رۆژی هەینی 31ی ئایار راگەیەندرا، ئیسماعیل قائانی، فەماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەبەر ئەوەی دەور و نەخشی بووە لە ناردنی مووشەک و درۆن بۆ حزبوڵڵای لوبنان کە دژی ئیسرائیل بە کاری دەبات و هەروەها ناردنی مووشەک بۆ حووسییەکان کە بازرگانی ئازاد لە دەریای سووری خستۆتە مەترسییەوە لە لیستی گەمارۆکاندایە.

فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە پێشتر قاسم سولەیمانی فەرماندەیی دەکرد، دەورێکی بەرچاوی هەیە لە فێرکردن و پڕچەککردنی هێزە بریکارەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
یەکێتی ئەوروپا هەروەها ناوەندی "خاتم الانبیا"ی سوپای پاسداران و فەرماندەکەی " غولامعەلی رەشید" خستۆتە لیستی گەومارۆکانەوە.

ناوەندی "خاتم الانبیا" دیارترین ناوەندی جەنگی کۆماری ئیسلامییە.

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش بە هەمانشێوە کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپاوە، هەروەها کۆمپانیای "کاوان ئیلکترۆنیک بێهراد" لەگەڵ "مەهدی دێهقانی محەممەد ئابادی" بەڕێوەبەری گشتی ئەم کۆمپانیایەو حسێن هاتفی ئەردەکانی، جێگری بەڕ‌ێوبەری گشتی ئەم کۆمپانیایە لە لیستی گەمارۆکاندان.

بە هەمانشێوە ئەفشین خواجە فەرد، بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی پیشەسازی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ئەم گەمارۆیانە، دارایی ئەم کەسانە و ئەم رێکخراوانە لە یەکیەتی ئەورووپا دەستی بەسەردا دەگیردرێت و مافی ئەوەیان نییە سەفەر بکەن بۆ یەکێتی ئەوروپا.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال