گشت موچەخۆران دەبێت بایۆمەتریان هەبێت

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بۆ چۆنیەتیی ئامادەكردنی لیستی مووچە، هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردەوە و جەخت دەكاتەوە، كە دەبێت گشت فەرمانبەران بایۆمەتری و كۆدی بێهاوتایان هەبێت و نابێت ناو و كۆدی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت.

وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی لەبارەی چۆنیەتیی ناردنی لیستی مووچەی مانگانە لەسەر ئاستی وەزارەتەكان ئاگادار كردووەتەوە.

دەبێت لە لیستی مووچەدا گشت فەرمانبەران ناویان لە لیستدا هەبێت و بە میلاك هەژمار بكرێت، مووچەخۆران و ئەوانەیشی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، دەبێت بنووسرێن."

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "دەبێت گشت فەرمانبەران بایۆمەترییان كردبێت و (UPN)یان هەبێـت و نابێت لە لیستی مووچەدا دووبارە بێتەوە، بەپێچەوانەوە رەت دەكرێنەوە."

جەختیش كراوەتەوە، نابێت ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت: "ئەگەر لە لیستی مووچەدا ناوی دووبارە هەبوو، بەڵام یەك كەس نەبوون و دوو كەسی جیا بوون، پێویستە ناوی دایكیان بنووسرێت."

وەزارەتی دارایی ئەوەشی بۆ وەزارەتەكان خستووەتە ڕوو، كە دەبێت: "لیستی مووچە بە یەك شێواز و یەك فۆنت بێت، هەروەها نابێت لە نووسینی ژمارە نزیك كردنەوە بنووسرێت، بەڵكوو دەبێت ژمارەكە وەكوو خۆی بنووسرێت، بۆ نموونە نابێت، 200 بكرێتە 250."

ئەوەش بە وەزارەتەكان راگەیاندراوە، كە: "دەبێـت لە لیستی گرێبەستەكان، رۆژی دامەزراندن و رۆژی نوێكردنەوەی گرێبەستیان بنووسرێت."

دووپات كراوەتەوە كە: "مانگانە لیستی مووچە بە سیدی و كاغەز بۆ وەزارەتی دارایی بنێردرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەك میلاك زیاد بێت، جگە لە حاڵەتی گواستنەوەی راژە و بۆ ئەوەش دەبێت روونكردنەوە بدرێت."

داواش كراوە كە: "پلە و مەرتەبە دەبێت بە شێوەیەكی دروست بنووسرێت."

پێویستە مانگانە وەزارەتەكان لەگەڵ لیستی مووچە ئەم روونكردنەوانە پێشكەش بكەن: "پوختەی مووچەی هەمیشەیی و گرێبەست، دیاریكردنی ناوی ئەو كەسانەی دووبارەن و ناوی دایكیان بنووسرێت، دیاریكردنی ئەو كەسانەی بایۆمەترییان نەكردووە، پوختەی لیستی مووچە لەسەر ئاستی گەنجینە، روونكردنەوە لەسەر گۆڕانكاریی میلاك، وەكوو خانەنشین بوون و گواستنەوەی راژە، گۆڕانكاریی لیستی مووچە لەگەڵ مانگی پێش خۆی."

بۆ لەمەودوا لیستی مووچە بەو شێوەیە نەبێـت، كە داوامان كردووە، لیستەكە وەرناگیرێت و كاری لەسەر ناكرێت، بۆیە دەبێت سەرجەم وەزارەتەكان پێیەوە پابەند بن."

پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی 3ی تەمووزی 2024 جەختی کردەوە کە: "پێویستە وەزارەتەکان لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک، بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، تاوەکوو هیچ بیانوویەک نەمێنێت، کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران."

پێشتر د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو "مانگانە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە وردبین دەکرێت و پاشان بۆ بەغدا دەنێردرێ."


أحدث أقدم

نموذج الاتصال