بۆ یەکەمین جار وێنەی ئەو کەسە بڵاودەکرێتەوە کە سەدامی شاردبووەوە


 بۆ یەکەمین جار وێنەی ئەو کەسە بڵاودەکرێتەوە کە لە ساڵی 2003 بۆ ماوەی 8 مانگ سەدام حوسێنی سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە چاڵێکدا لە باخەکەی خۆیدا حەشاردابوو، ئەوەش لە رێگەی بەڵگەفیلمێکی سینەمایی کە هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کوردستانی – نەرویجی کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ کردووە. ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە سینەماکانی جیهان بڵادەکرێتەوە و لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش مافی بڵاوکردنەوەی تەنیا دراوەتە تۆڕی میدیایی رووداو.

بۆ یەکەمین جار وێنەی ئەو پیاوە بڵاودەکرێتەوە کە بۆ ماوەی هەشت مانگ سەدام حوسێنی سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە شارۆچکەی دۆر لە باشووری تکریت لە چاڵێکدا شاردەوە.

عەلا نامیق ئەو پیاوە 50 ساڵەیە کە ساڵی 2003 بۆ ماوەی 235 رۆژ سەدام حوسێنی لە چاڵێکی ژێرزەوی لە باخەکەی خۆیدا لە دەوروبەری شاری تکریت حەشاردا پێش ئەوەی ئەمریکا لە 13 کانوونی یەکەمی 2003 بیدۆزێتەوە و لە چاڵەکەدا دەستگیری

بکات.

دوای نزیکەی 18 ساڵ لە رووداوەکە، بۆ یەکەمین جار رووخساری عەلا نامیق لە رێگەی بەڵگەفیلمێکی سینەماییەوە پیشانی جیهان دەدرێت.

هەرچەندە ئەو پیاوە لە رابردوودا بەبێ ئەوەی هەڤپەیڤینی لەگەڵدا بکرێت، بووەتە بابەتی میدیای نێوخۆ و جیهانی، پێشتر هەرگیز رێگەی نەداوە بە وێنەیەکیش دەموچاوی ئاشکرا بکرێت.

هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کوردستانی – نەرویجی لە رێگەی بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) بۆ یەکەمین جار عەلا نامیقی هێناوەتە بەردەم چاوی کامێرا بۆ ئەوەی چیرۆکی حەشاردانی سەدام حوسێن بە زمانی خۆی بگێڕێتەوە.

هەڵکەوت مستەفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رازیکردنی عەلا نامیق ئاسان نەبوو بۆ بەشداریکردن لە بەرهەمە نوێیەکەی.

دەرهێنەری کوردستانی و خەڵکی شاری سلێمانی لە بارەی بیرۆکەی ئەو بەڵگەفیلمە باسی لەوە کرد کە هەمیشە چیرۆکی ئەو چاڵە بۆ ئەو جێگەی تێڕامان و سەرنج بووە و گوتی “جێگەی باوەڕکردن نەبوو کە پیاوێک بەوشێوەیە بۆ ماوەی هەشت مانگ لە

چاڵێکدا بشاریتەوە”، بۆیە لەوکاتەوە دەستیکردبوو بە گەڕان بە دوای پیاوە سەرەکییەکەی پشت چیڕۆکی چاڵەکە: عەلا نامیق، تاوەکو دواتر لە سەرەتای ساڵی 2010 “لە رێگەی سیاسەتڤانێکەوە” سۆراخی پیاوە نهێنییەکەی دەستکەوت.

هەڵکەوت مستەفا گوتیشی، دروستکردنی ئەم بەڵگەفیلمە کارێکی زحمەت و پڕلە ئاستەنگ و بەربەست بوو، هەر بۆیە ئامادەکردنی ماوەی 10 ساڵی خایاندووە. گوتیشی “مەرجی من بۆ عەلا ئەوەبوو کە یان هیچ نەڵێت، یانیش هەمووشتێک وەک خۆی و بەبێ فیلتەر باس بکات.”

هەڵکەوت مستەفا ئەوەشی بۆ رووداو روونکردەوە کە لە ساڵی 2010، لە رێگەی تەلەفۆنەوە، بۆ یەکەمین جار قسەی لەگەڵ عەلا نامیق کردووە؛ لە 2013 چاوی پێکەوتووە، بەڵام ساڵێکی پێچووە تاوەکو رازیبووە قسە بکات و دوای ئەوەش سێ ساڵی دیکەی خایاندووە تاوەکو هەموو وردەکارییەکانی لە بارەی ژیانی خۆی لە ماوەی حەشاردانی سەدام حوسێندا باسکردووە.

لەبەر هۆکاری ئەمنی و سەلامەتیی عەلا نامیق، دەرهێنەر بە باشی زانی شوێنی چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ عەلا نامیق بە نهێنی بهێڵێتەوە. باسیشی لەوە کرد کە “ئەم فیلمە چیرۆکی پیاوێک دەگێڕێتەوە کە هەموو شتێک بووە بۆ سەدام و باس لە ژیانی تایبەتی خۆی لەگەڵیدا دەکات. ئەم پیاوە شوفێر، پاسەوان، سەرتاش، پزیشک، و هاوڕێی سەدام بووە.”

بەڵگە فیلمەکە، کە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای (هێنێ فیلمز)ی نەرویجییە و حکومەتی ئەو وڵاتە پاڵپشتیی دارایی بۆ دابینکردووە، یەکێک لە زەحمەتییەکانی ئەوەبووە کە پێویستبووە هەموو کارەکانی بە نهێنی بکرێن، ئەوە بە گوێرەی

دەرهێنەرە خەڵاتبەرەکە.

بە گوێرەی هەڵکەوت مستەفا، تەنانەت وێنەگرەکان و خەڵکی ئەو شوێنەی کە دیمەنەکانیشی لێ تۆمارکراون، نەیانزانیوە بەڵگە فیلمەکە لەسەر چی بووە و باس لە چی دەکات، هۆکاری ئەوەش پاراستنی تایبەتمەندیی و سەلامەتیی ژیانی کارەکتەری

سەرەکیی بەڵگەفیلمەکە بووە کە میدیای جیهانی و عێراقی بەردەوام بە دوایەوە بوون بۆ ئەوەی پیشانی وەرگرەکانیانی بدەن.

بەڵگە فیلمەکە 95 خولەکە، لە ساڵی 2020 تاوەکو 2021 کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە سینەماکانی جیهان بخرێتەڕوو.

دەرهێنەر ئامادەنەبوو دەستبەجێ شوێنی تۆمارکردنی دیمەنەکان ئاشکرا بکات، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ئەو شوێنانەی لە دیمەنەکاندا دەردەکەون شوێنی راستەقینەن، تەنیا چەند دیمەنێک نەبن کە لە شوێنی دیکە تۆمارکراون، بەڵام ئەو

شوێنانەش هاوشێوەی شوێنە راستەقینەکان دیزاین و دروستکراونەتەوە.

هەڵکەوت مستەفا گوتیشی، “چێژم لە دروستکردنی ئەم فیلمە بینی و وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە لە مێشکمدا هەبوون، لە رێگەی ئەم بەڵگە فیلەمەوە دۆزینەوە”، گوتیشی “بڕوام وایە خەڵک چێژێکی تایبەتی لێ ببینن، کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بەسەرببەن و هەست بە بینینی چیڕۆکێکی نەبیراو بکەن.”

هەڵکەوت مستەفا، لە ساڵی 1985 لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لەدایکبووە. پێشتر هەڵکەوت مستەفا بە فیلمی سینەمایی (کلاسیکۆ) توانی سەرنجی جیهان بۆ خۆی رابکێشێت کە لە 56 وڵاتی جیهان بڵاوکرایەوە کە شەش خەڵاتی نێودەوڵەتیی

بەدەستهێنا و بۆ 7ی دیکەش بەربژێرکرا. لە کوردستانیش لەلایەن رووداوەوە سپۆنسەری میدیایی بۆکرا.

دوو لە بەرهەمە هەرە دیارەکانی دیکەی ئەو دەرهێنەر کوردە بریتین لە بەڵگەفیلمێک بە ناوی (ئەو ژنانەی داعش لێیان دەترسێت) (2015) و فیلمی سینەمایی (دڵی سوور) (2011) کە بۆ هەموویان کاری دەرهێنانی کردووە.

لەبارەی سەدام حوسێن:

کاتێک کە ئەمریکا لە ئاداری ساڵی 2003 هێرشیکردە سەر بەغدا، سەدام حوسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق لەگەڵ خێزانەکەی لە شارەکە هەڵاتن و خۆیان ونکرد. ئەوەش وایکرد کە ئەمریکا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی گەڕان دەستپێبکات کە 150 هەزار

سەربازی ئەمریکی تێیدا بەشداربوون، تاوەکو لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ئەو ساڵە، لە ژوورێکی ژێرزەوی، لە گوندێکی دەوروبەری شاری تکریتی شوێنی لەدایکبوونی، دۆزرایەوە و لەگەڵ عەلا نامیق دەستگیرکرا.

سەرچاوە: رووداو
أحدث أقدم

نموذج الاتصال