مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوه‌ پێگەیشت


 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوه‌ پێگەیشت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوه‌ پێگەیشت، هەردوولا هاوڕابوون کە كۆچبه‌ران بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و گەمەیەکی سیاسی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوه‌ پێگەیشت، لە پەیوەندییەکەدا، دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا و بەشداریی و مانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا.

لە بارەی دۆخی کۆچبەرانەوە، هەردوولا هاوڕابوون کە ئەوان بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و گەمەیەکی سیاسی.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گەڕانەوەی سەدان کۆچبەر دا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی ماون، دەربڕی، هەروەها داواشی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد کە ڕۆڵی خۆیان لە گەیاندنی فریاگوزاری بەو کۆچبەرانەی گیریان خواردووە، بگێڕێت.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە پێزانینەوە باسی لەو ڕێکارانە کرد، کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتە بەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هەماهەنگییان کرد و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیان دا.

سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات، بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولادا.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال