یەکێتی نوێ پێویستی بە گوتارێکی نوێ هەیە، ئەو گوتارەش بە کەرستەی کۆن دروست ناکرێ



یەکێتی نوێ پێویستی بە گوتارێکی نوێ هەیە، ئەو گوتارەش بە کەرستەی کۆن دروست ناکرێ، چونکە کەرستە و ئامرازی کۆن هەر دەتانباتەوە سەر ئەو کوێرە رێیەی کە نزیکەی شێست ساڵە تاقی دەکرێتەوە و بە یەک ئەنجام دەگات، بەهێزتربوونی پارتی و پتر هەڵوەرینی نەیارانی پارتی.


کاک قوباد بەر لە کاک بافێل، دەزانم تۆ برا گچکەی بەڵام دڵنیام دنیابینیت فراوانترە، بۆیە سەرنجت بۆ خالێک رادەکێشم کە خزمەتی خۆت و ئایندەی یەکێتیش دەکات، هەوڵدە باسی خۆت بکەی، باسی حیزبەکەت و مێژوو و شانازیەکانی بکەی، نەک زمانی زبر و هێرشکردنە سەر رکابەرت بکەیە کارنامەت، چونکە لەو شەڕە دۆڕاوی و پێم حەیفە کەسێکی وەک تۆ کە کوڕی مام جەلالە لە

کاتێکدا بدۆڕێ کە شەڕێکی گەورەی لە

پێشە، شەڕی کڕینەوەی شکۆ و دیرۆکی مام جەلال.


کاک قوباد و کاک بافێل، پارتی هەرگیز نەیار(دوژمن)ی ئێوە نەبووە، بەڵکو فریادڕەس و پارێزەری ئێوە و بەرژەوەندیەکانتان بووە، لایەنی کەم ئاوڕ لەو پازدە ساڵەی دوایی بدەنەوە، ئێوە هەر جوێنتان بە پارتی دا و هەر خەڵکتان لێ جودابۆوە، تەنها پارتیتان لەگەڵ مایەوە، هەر هێرشتان کردە سەر پارتی و تۆمەتتان بۆ هەڵبەست، بەڵام دەنگەکانتان لە کورتی دا و ژمارەی کورسیتان کەمی کرد، پارتی بەهێزتر بوو و دەنگ و کورسی و بەهای مەعنەویشی زیادی کرد.


باشترە باسی ئازادی و دیموکراتیەت و ئازادی رادەربڕین نەکەن، چونکە لێدوانەکانتان لە رۆژانی دوای هەشتی تەموز پڕە لە زانیاری کە حیزبەکەی ئێوە، ئامرازێک بووە بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی و گەشەدان بە کلتوری جوێندان، بۆ ئەو کارەش بە قسەی خۆتان پارەیەکی یەکجار قەبەی حیزبەکەتان بۆ ئەو کارە رۆیشتووە، خۆتان زیاتر لە جارێک و بۆنەیەک ئەوەتان راگەیاندووە کە رێگری و خاوە وەرگرتن و کوشتن و تۆقاندن بەشێک بوونە لە بەرهەمی بەڕێوەبردنی ئەو شارە(سلێمانی)ی سی ساڵە وەک بارمەتەیەکی سیاسی گرتووتانە و هەر رۆژە بۆ مەبەستێک و بە شێوازێک بەکاری دێنن یان سەودا و سازشی پێ دەکەن. لە هەموو ئەوانەش زیاتر  بۆ بیست ساڵ دەچێت بە هەموو هێزتانەوە بەگژ مێژوو و دروشم و ئامانجەکانی یەکێتی دادەچنەوە، لەوەش تەنها شتێکتان سەلماند کە یەکێتی حیزبێکی بنەماڵەیی بەزۆر سەپێندراوە نەک قبوڵکراو و دوورو لە بنەماکانی سۆشیال دیموکراتیەت.


کاک قوباد و کاک بافێل ئاوڕێک لە مێژووی باب و باپیرتان بدەنەوە، هەندێک ورد و قوڵ بیر لە ئێستای خۆتان بکەنەوە، خۆتان و یەکێتی بە چ قۆناغێک گەیشتوون! قۆناغێک کە چیتر رکابەری پارتی نین و ناتوانن رکابەرایەتی بکەن، چونکە ئێستا مەترسی ئەوەتان لەسەر بزووتنەوەیەکی نوێی وەک ‘نەوەی نوێ’ تەنگتان پێهەڵچنێ و ئەگەر کورسی زیاتر نەباتەوە ئەوە بە دڵنیایەوە کورسیتان لێ کەم دەکاتەوە، ئەوە بەرهەمی هەلەکانی پارتی نیە، بەڵکو ئەوە بەرهەمی ئەو هەموو هەلانەیە کە دەیکەن و دانی پێدا نانێن. بۆیە ئاراستەکەتان بگۆڕن بۆ بەخۆداچوونەوە، نەک بەردەوام بن لە بەگژداچوونەوەی پارتی، چونکە ئەوەیان مێژووێ تاقیکراوەیە و ناتوانن تەجاوزی پارتی بکەن، چونکە ئەوە یاسای فیزیایە کاردانەوە یەکسانە بە کار، لە نێو بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیش پارتی کارە و ئەوانەی دیکەش کاردانەوە.

ڕۆژنامەنووس ئاسۆ حاجـی

أحدث أقدم

نموذج الاتصال