بابەکر زێباری : دوو فرقەی پێشمەرگە دروست دەکرێت

بابەكر زێباری، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت كە پرۆسەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و كار لەسەر دروستكردنی دوو فرقەی دیكەی هێزی پێشمەرگە دەكرێت.

زێباری رای گەیاند: "کاری یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی زۆر باش و بەبێ بەربەست بەڕێوە دەچێت، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی فرقە دەکرێت، لە ماوەی ڕابردوو دوو فرقە دروست کران، ئێستاش کار لەسەر فرقەی سێ دەکرێت و کاری زۆر باشی تێدا کراوە و لە قۆناغی کۆتایی دایە و لە پارێزگای دھۆک دروست دەکرێت."

راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر فرقەیەک چوار لیوایە و ھەر لیوایەکیش سێ فەوجە و ھەر فەوجێک چوار فەسیلەیە، بەو شێوەیە دروست دەبێت. بڕیارە فرقەی چوارەمیش لە پارێزگای سلێمانی دروست بکرێت."

بابەکر زێباری گوتیشی: "ھەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی لەشکرێکی ڕێکخراومان ھەبێت، پێداچوونەوە بە ھێزەکاندا دەکرێت و لە ھەر شوێنێک کەموکورتی ھەبێت چارە دەکرێت، ئەو ھەنگاوە زۆر گرنگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جدییە لەوەی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێن، ھاوپەیمانانیش ھاوکاری سەرەکین لە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە."

ئاماژەی بە ئەوەش دا: گپرۆسەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ١١ فرقە دروست بکرێن، بەڵام کاتی پێویستە و بە قۆناغیش جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بە دوو تا سێ ساڵی دیکە کارەکان تەواو دەکرێن، چونکە پرۆسەکە زۆر بەوردی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێکی نەبێت، دەیانەوێت بەجۆرێک پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ھیچ شوێنێک بەتایبەت لە سەنگەرەکان بۆشایی دروست نەبێت تاوەکو کۆتایی پێدێت."

أحدث أقدم

نموذج الاتصال