لە رووداوێکی هاتووچۆدا 29 پۆلیس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون


 کەمێک لەومەوپێش لەسەر رێگەی کەرکووک – حەویجە بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆوە 29 پۆلیسی فیدراڵی بوونە قوربانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، چەند پۆلیسێکیان گیانیان لەدەستداوە. 

مەروان عانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک رایگەیاند، “کەمێک لەمەوپێش لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک – حەویجە و لە نزیک یەکبڕی ریاز، رووداوێکی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و کۆستەرێکدا روویدا و بەھۆیەوە 29 کەس برینداربوون و گیانیان لەدەستدا”. 

بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، “قوربانییەکان پۆلیسی لیوای ھەشتی فیرقەی پێنجن و لەکاتی گەڕانەوەیان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ بارەگای لیوا تووشی ئەو رووداوە ھاتوون”. 

مەروان عانی ئاماژەی بەوەش کرد، “لەنێو قوربانییەکان ئەفسەر ھەیە و تاوەکو ئێستا چەند پۆلیسێک گیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەیان نازانرێت و ئێستا ھێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە”. 

ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال