ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بواری بەرگریی وڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و بودجە و چاودێریی داراییدا برەو پێ بدات
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا داشکاندن بە ڕێژەی %15 بۆ قەرزی کرێی کارەبا و ئاو بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دوا هەنگاوەکانی هەماهەنگیی و هاریکاری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە و پلانی هاوبەشی ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش خستەڕوو.
وەزیری پێشمەرگە باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی گواستنەوەی هێزەکانی پشتیوانیی و یەکەکانی دیکەی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کرد، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەت، جەختی کردەوە لە سەر بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی وتۆکمەکردنی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامی ڕێکخستنەوەی گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
باشان سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و هەروەها وەزیری ناوخۆ باسیان لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لە دهۆک، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکانی دوا کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنای پەسەند کرد و جەختیش لەسەر برەودان بە هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین لە وادەی دەستنیشانکراو و بایەخی بەستنی ماسک لە لایەن هاووڵاتییانەوە کرایەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتی وخزمەتگوزارییەکان لە پێناوی پاراستنی تەندروستی گشتی وبەرگرتن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
ئینجا خالد چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەرەوپێشچوون و دەرئەنجامی کاری تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدرال وحکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ وهەرێم بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراقی فیدرال بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دیوانی چاودێریی دارایی، وەزیرەکانی ڕاسپارد کە برەو بدەن بە هەماهەنگیی وپەیوەندی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی وداواشیان لێکرا پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئامادەکردنی میزانی پێداچوونەوەی سەرتاسەریی گشت یەکە ژمێریاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2021 لە ماوەیەکی دیاریکراودا تا بخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی بە جۆرێک شەفافانە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبێت،پێویستە وەزارەتەکان لەمبارەیەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن وهاوکاریی وهەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی بکەن.
لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، پێداچوونەوە بکەن بە یاسا و ڕێنمایی و پسووڵە وئيستیمارە وبەڵگەنامەکانی دیکەی کارپێکراو لە بواری دارایی وژمێریاریی گشتی و نوێکردنەوەیان بە پێی پێوەرە هاوچەرخەکانی ئەو بوارە، تا هاوتابێت لەگەڵ سیستمی دارایی کارپێکراو لە حکومەتی فیدڕاڵیی بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستووریەکان، لە هەمانکاتیشدا بواری پڕۆسە ومامەڵە داراییەکان بە شێوەیەکی هاوچەرخانە ڕێکبخرێنەوە، دوور لە ڕووتین و بە فیڕۆدانی کات و توانا، وەک هەنگاوێکیش بۆ برەودان بە شەفافیەت لە بواری دارایی گشتی و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان و دوورکەوتنەوە لە شێوازە کلاسیکیە کارپێکراوەکان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کارەبا تایبەت بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( 117 ) لە ڕێکەوتی 2021/10/27 سەبارەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 لە قەرزی کرێی کارەبا و سزاکانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ سەرجەم هاوبەشانی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەر و بوارەکاندا کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد کە ڕێژەی داشکاندنی %15 تا کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەند کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی %15 بۆ هاوبەشانی خزمەتگوزاریی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوو بدەن و ئەم بڕیارەش تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ کاری پێ دەکرێت. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو، پێشنیارەکانی خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە لە ڕووی یاساییەوە دەتوانرێت پێشکەش بکرێت بۆ هاندان و ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان بۆ گەڕانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆيانە بەرامبەر بە حکومەت.