میدیاکانی سلێمانی باس لە ڕێکكەوتنی ژێربەژێری یەکێتی دەکەن لەگەڵ بەغدا، بۆ رادەستکردنی غازی ئەو سنوورە.
د.نەوزاد هیتوتی، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: ”سیاسەتی هەڵەی یەکێتی و هاوشانەکانی، زیانی گەورەی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و کەرکووکییەکان داوە و رادەستکردنی مەلەفی نەوت و غاز بە بەغدا، بە واتای رادەستکردنی تەواوی هەرێمی کوردستانە کە ساڵانێکی زۆرە ئەو میللەتە قوربانیی بۆ ئەو قەوارەیە داوە.“
هیتوتی گوتیشی: ”پێش 16 ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بەرپرسانی یەکێتی و هاوشانەکانیان، شەو و ڕۆژ باسی نەوتی کەرکووکیان دەکرد، گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەندەڵیی تیادا دەکات و مەلەفەکە شەفاف نییە و خزمەتی کەرکووکییەکان ناکات، هەموو کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانیان بە نەوتەکەیەوە رادەستی میلیشیاکان کرد.
دەڵێ، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کەس نازانێت نەوتی کەرکووک چۆن دەفرۆشرێت، یان داهاتەکەی چی بەسەر دێت؟ لەو کاتەشەوە کە نەوتەکەیان رادەست کردووە، یەک بەرپرسی یەکێتیمان نەدیت باسی شەفافی و ناشەفافیی نەوتی کەرکووک بکات.“
گوتیشی: ”دوای ئەوە، ئێستا زۆر لامان سەیرە بەرپرسەکانی یەکێتی دێن باسی رادەستکردنی غازی سنووری سلێمانی دەکەن بە بەغدا.“