مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئاداری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کرد و کۆبوونەوە، لە دوایی کۆبوونەوەکەش پێکەوە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.

پوختەیەک لە گوتە و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

• بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانەە جارێکی تر بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەکەم، پیرۆزبایی ڕۆژی ئافرەت لە بەڕێزتان پیرۆز دەکەم هەرچەندە پێمان وایە هەموو ڕۆژی ساڵ پێویستە ڕۆژی ئافرەتیش بێت.

• جێی خۆیەتی بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیا و خەڵکی ئەڵمانیا بکەم بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان، کە بێگومان ئەمە هاوکارییەکی زۆربوو لە ناساندنی ئەو تاوانەی دەرهەق بە خوشک و برا ئێزیدییەکانمان کرا لەسەر ئاستی جیهان، هیوادارام وڵاتانی تریش چاو لە ئێوە بکەن بۆ ئەوەی نەک تەنیا بەجینۆسایدناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بکرێت، بەڵکوو ببێتە هاندەرێکیش لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و هاوکاریکردنی خوشک و برا ئێزیدییەکان بەشداری بکەن.

• ئەڵمانیا بێگومان بووەتە پەناگەیەک بۆ زۆر ئەو کەسانەی کە لێیان قەوماوە، گەورەترین ڕەوندی کوردی لە دەرەوە لە ئەڵمانیایە ئەمەش ئاماژە بەو خاڵە دەدا ئەو پەیوەندییە نزیکەی نێوان ئەڵمانیا و خەڵکی کوردستاندا هەبووە بووەتە ڕیخۆشکەر ئەوەی خەڵكی كوردستان جێی خۆیان لە ئەڵمانیا ببیننەوە.


• هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئەڵمانیا لە شەڕی داعش، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینی هەموو خەڵكی كوردستان بووە. 

• ئەڵمانی یارمەتییەكی زۆری ئێمەیان دا بۆ ئەوەی زاڵ بین و بتوانین ئەو گرووپە تیرۆریستییە دڕندەیە تێكبشكێنین. هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بەردەوام بوون، دوای ئەوەش لە ڕووی سەربازی و راهێنان و یارمەتیدانی پێشمەرگەوە بەردەوام بوون. 

• ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوە، باسی چەند خاڵێكی ترمان كرد، لەوانە پتەوكردنی دیموكراسیەت و جێبەجێكردنی یاسا، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم بە هەموو جۆرەكانیەوە.

• باسی ئەوەمان كرد كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان هەموو هەوڵێك بدەین بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و پتەوكردنی پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بە تایبەتی ئەڵمانیا. 

• داواكارم زیاتر بتوانن یارمەتیی ئێمە بدەن بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە كەرتی ئابووریی هەرێمی كوردستان بدەین كە ئەمە یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی باشتركردنی سەقامگیری و كاریگەریشی دەبێت لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی.

• باسی شنگالمان كرد، هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی كە خەڵكی سەربەرزی شنگال بە ئێزیدی و خەڵكی تریشەوە بتوانن بە كەرامەت و شەرەفەوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێویستە بۆیان دابین بكرێت.

• ڕێككەوتنی شنگال كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق واژوو كراوە، ببێتە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانی شنگال و هەمووی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

• بێگومان هەمیشە گوتوومانە كە دژی هەر جۆرە پێشێلكارییەكین بەرامبەر بە سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت لە هەر لایەكەوە بێت. جیاوازییەك هەیە لەو كردەوە و پەرچەكردارانەی دەكرێن. ئێمە پێمان خۆش نییە وڵاتی ئێمە بۆ ناسەقامگیركردنی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بكرێت، هەمان داواشمان لە وڵاتانی دراوسێش هەیە كە دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق وەرنەدەن و بەشێك نەبن لە ناسەقامگیری بەڵكوو هاوكار بن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هاوكاریی سەقامگیریی خۆمان و ئەوانیش بكەین.

• ئەوەی لە لایەن ئێرانەوە دەكرێت، هەندێك هێرشی درۆن و مووشەكی كران، ئێمە لە كاتی خۆیدا هەڵوێستمان دیار كرد و بەردەوامیشین لەوەی كە ئیدانەی ئەم جۆرە هێرشانە دەكەین و هیوادارین ئەم هێرشانە بوەستن و كۆتاییان بێت.

• لەبارەی توركیاش كێشەیەكی مەودادرێژی نێوان توركیا و پەكەكە هەیە، پەكەكە وای كردووە توركیا لەم جۆرە هێرشانە بەردەوام بێت، توركیا زیاتر ئامانجیان پەكەكەیە كە بەداخەوە هاتوونەتە سنووری ئێمە و بوونەتە هۆكاری ناسەقامگیری. هیوادارین ڕۆژێك لە ڕۆژان بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەی كورد چارەسەر بكرێت و پەكەكەش چیتر نەتوانێت بە ناوی كوردەوە ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا بكات.

• ئێمە ئەوەی دەبینین زیاتر ئەوەیە كە پەكەكە بووەتە هۆكاری ڕاكێشانی ئەم جۆرە هێرشانە لەسەر سنوورەكانمان كە بەداخەوە تا ئێستا زیاتر لە 800 گوندی ئێمە خاپوور كراون و ئێمە نەمانتوانیوە دەستی ئاوەدانییان بۆ ببەین، لەبەر ئەم هۆكاری شەڕ و پێكدادانەی كە هەیە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال