ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئهمڕۆ (هەینی 13ى 12ى 2024) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تیمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە بژاردەکان دەکۆڵنەوە، لەوانەش هێرشی ئاسمانی، بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) نووسیویەتی، “لە ئێستادا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بیر لە بژاردەیەک دەکاتەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەوانەش ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی خۆپارێزی، ئهمهش وهك هەنگاوێک بۆ شكاندنی ئهو سیاسهته كلاسیكییهى لهگهڵ ئێران گیراوهتهبهر پێشتر بهسزادان یان ڕێكهوتنى دیپلۆماسی”.
ئاماژەی بەوەش کردووه، "ئێستا بژاردەی دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کەوتۆتە ژێر پێداچوونەوەی جدیتر لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی تیمی گواستنەوەی ترەمپەوە، کە بە وردی لێکۆڵینەوە لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد - هاوپەیمانی تاران - لە سوریا دەکەن، ههروهها داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و لەناوبردنی حزبوڵا و حەماس لهلایهن ئیسرائیلهوه”.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری بەرپرسانی تیمی گواستنهوهى دهسهڵاتهوه، ڕایگەیاندووە، “لاوازی پێگەی ناوچەیی ئێران و ئاشکرابوونی ئەم دواییەی کارە ئەتۆمییە پەرەسەندووەکانی تاران، گفتوگۆی ناوخۆیی هەستیاری هەڵگیرساندووە، بەڵام هەموو وتووێژەکان لەسەر ئەم پرسە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆیاندا ماونەتەوە”.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئهوهشى ئاشكرا كردووه كه: “ڕاوێژکارانی سەرۆکی هەڵبژێردراو ترسیان لەوە هەیە کە فشارە ئابوورییەکان بەس نەبن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاران و لێکۆڵینەوە لە کردەوەی سەربازی دەکەن.”.
ههروهها لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لە وردەکارییەکان، نووسیویەتی: “ترەمپ بەم دواییە بە بنیامین نهتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە، نیگەرانە لەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا، ئێران پهره بهبەرنامەی ئەتۆمی بدات”.