یەکێتی بە نهێنی هێزێکی حەشدی شەعبی بردووەتە سلێمانی


بەپێی سەرچاوەیەك لەنێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سەرانی چەند گرووپێكی حەشد، سەركردە دەستڕۆیشتووەكانی ئێستای یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان، هێزێكى زۆری حەشدی شەعبییان هێناوه‌ته‌ ناوچه‌ى سلێمانى.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ”تا ئێستا بەوردی ژمارەی چەكدارانی ئەو هێزە ئاشكرا نیە، بەڵام له‌ كاتی هێنانیان بۆ ناو سلێمانی و گواستنه‌وه‌ و جێگیركردنیاندا، چەكدارانی حەشد جلى هێزى دژه‌تیرۆری یەكێتییان لەبه‌ر كراوه‌ و به‌ ئۆتۆمبێلى ئه‌وانیش له‌ بەغداوه‌ هێنراونه‌ته‌ كوردستان.“
سەرچاوەكە روونی كردەوە: ”ئه‌و هێزه‌ به‌شێكیان له‌ قه‌ڵاچوالان و بەشێكیشیان له‌ دوكان و به‌شێكى تریشیان له‌ ناوچەی شاره‌زوور و بەشێكیشیان لە نزیك مه‌رزه‌كانى ئێران له‌ ناوچه‌ى پێنجوێن و هه‌ورامان جێگیر كراون.“
بەپێى زانیارییەكانی هەمان ئەو سەرچاوەیە، بارودۆخى سلێمانى و زۆنى سه‌وز خراپه ‌و به‌ هۆى بوونی چه‌ند زانیارییه‌ك لەبارەی ئەگەری ته‌قینه‌وه‌ى بارودۆخی نێوخۆی یەكێتی، ئه‌و هێزانه‌ هێنراونەتە ئەو دەڤەرە، به‌تایبه‌ت كه‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌كان زانیاریان له‌سه‌ر ڕه‌وشى خراپى بارودۆخى ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە مەفرەزە ئه‌منیه‌كان له‌ سلێمانى و زۆنى سه‌وز كه‌ پێشتر تەنیا رۆژانى هه‌ینى مه‌فره‌زه‌یان لە چەندین شوێنی گشتی و شەقام و جادە داده‌نا، ئێستا فەرمانیان پێ دراوە‌ كه‌ به‌ درێژایى رۆژانی هه‌فته‌ مه‌فره‌زه‌كانیان له‌ ئەركدا بن.
هه‌مان سه‌رچاوه‌ زانیاریی ئەوەشی دا كە له‌ناو مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌ب و ده‌زگا حزبیه‌كانی یەكێتییدا، پشێوى بڵاو بووەته‌وه‌ و هۆشداریی‌ ته‌قینه‌وه‌ى بارودۆخەكە دراوە، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ى كه‌ مانگى پێشوو نه‌سرییه ‌و خه‌رجیى هه‌موو ئه‌و داموده‌زگایانه‌ ڕاگیراوه‌ و ئاگادریش كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م مانگه‌ش به‌ شێوه‌ى مانگى ڕابردوو نەسرییه‌ و پاره‌ى خه‌رجییه‌كان نابێت.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال