دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی كەی دەخرێتە روو؟




 دۆخی عێراق گەیشتووەتە داخرانی سیاسی و تەواوی دامەزراوە جێبەجێكاری و یاسادانان و دادوەرییەكانی پەكیان كەوتووە، هێزەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی لەناو پەرلەمان بەسەر سێ بەرەدا دابەش بوونە، هاوپەیمانی سێقۆڵی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەربەخۆكان، تەنیا بە دەستپێشخەری گفتوگۆی یەكتر دەكەن و لە یەكتری قبووڵ ناكەن، وەك بڵێی چاوەڕوانی كەسێكن دارێك بەنێوانیادا بێنێت و لێكیان نزیك بكاتەوە، كە چاودێران پێیان وایە رەنگە سەرۆك بارزانی ئەو كەسە بێت و دەستپێشخەرییەكەی عێراق لەو داخرانە سیاسییە رزگار بكات.


چەند سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی ئاماژە دەكەن كە ئێستە دەستپێشخەرییەكی نوێی سیاسی بۆ كۆتاهێنانی بەو داخرانە سیاسییەی لە عێراق هەیە، لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە ئامادە دەكرێت، دووەم هاوپەیمانی موقتەدا سەدر لەناو هاوپەیمانی سێقۆڵی، كە لە 23ی ئاداری رابردوو هاتووەتە پێكهاتن و جیا لە رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوپەیمانی سیادەی محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەری سوننە لەخۆ دەگرێت و ناویان ناوە "رزگاركردنی نیشتمان".  
دەستپێشخەرییەكە باسی چارەسەركردنی كێشەی سەرۆك وەزیران سەركۆمار دەكات
تا ئێستە وردەكاریی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی، كە ئامادەسازی بۆ راگەیاندنی لە هەفتەی داهاتوو بۆ دەكرێت، دیار نییە، وەك سەركردەیەكی كورد بە "عەرەبی ئەلجەدید"ی راگەیاندووە، ئەو دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی بە دوایین هەل لەقەڵەم دا و دەبێت هەمووان قبووڵی بكەن، بەر لە پەنابردن بۆ بژارەكانیتری وەك هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە.

تەنگژەی سیاسی لە عێراق چووەتە ناو حەفتەمین مانگییەوە، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو و لەو ماوەیەكدا ژمارەیەك دەستپێشخەریی سیاسی و میانگیریی ئێران بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنە سیاسییە شیعەكان، بەتایبەتی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران، شكستیان هێنا. 

سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هاوكاتی ئەندامێكی لیژنەی دانوستانكاری ئەو حزبەیە لە بەغدا لەبارەی دەستپێشخەرییەكەوە دەڵێت، تەنیا باسی چارەسەركردنی كێشەی سەرۆك وەزیران ناكات، بەڵكو چارەسەركردنی ناكۆكی كوردی –كوردییش لەسەر پۆستی سەركۆمار، دەستپێشخەرییەكە نایەتە راگەیاندن تا دوای رازیبوونی موقتەدا سەدر، ئێستەیش پێوەندی بۆ ئەو مەبەستە هەیە، چونكە هەموو دەستپێشخەرییەكانی پێشوو و میانگیرییەكانی ئێران بەهۆی رەتكردنەوەی سەدر شكستیان هێناوە.

ئەو سەركردە دەڵێت، دەستپێشخەرییەكە ئەو مافەی سەدر لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ وەك براوەی هەڵبژاردنەكان بێ ناچاركردنی بۆ چوونە ناو فراكسیۆنی گەورەی شیعە لە پەرلەمان ناگۆڕێت، بەڵام وردەكارییەكانی تری دەستپێشخەرییەكە جاری زووە بۆ باسكردنیان، چونكە چەند لایەنێك هەن كار لەسەر شێواندنی هەر دەستپێشخەرییەك یان هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی دەكەن، جا پێوەست بێت بە سەرۆكایەتی حكوومەت یان ناكۆكی كورد و كورد لەبارەی سەركۆمارەوە. 

عائید هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی دەڵێت، زانیاری سەرەتاییمان لەبارەوەی هەیە، ئەگەرچی تا ئێستە وردەكارییەكەی نازانین، بەڵام پاڵپشتی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین بەمەبەستی چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی و هیوادارین ئەو دەستپێشخەرییە وابێت، دەكرێ بڵین لە ئێستەوە پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە و هەر دەستپێشخەرییەكی تر دەكەین بتوانێت تەنگژەكە چارەسەر بكات.

ئەو سەركردە شیعەیە دووپاتی كردەوە كە هەڵوێستی چوارچێوە پێوەست بە پێكهێنانی حكوومەت وەك یەك قەوارە و بێ دوورخستنەوەی هیچ لایەنێك جێگیرە، ئەو بابەتە ماەیەی گفتوگۆكردن نییە، جیا لەوە دەبێت پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن پێكهاتەی شیعەوە بێت، بۆیە لە ماوەی پێشوو زۆر پێشنیازمان بەو هۆیەوە رەت كردووتەوە، هەمووان بە مەترسیی مانەوەی دۆخی سیاسی بەو داخراویە دەزانن، بۆیە دەبێت رۆژانی داهاتوو سەرەتای چارەسەری ناكۆكییەكانی شیعە- شیعە و كورد – كورد پێوەست بە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و سەركۆمار بەخۆیەوە ببینێت، لە حەوت مانگی رابردوویش 10 دەستپێشخەری هەبووە، جیا لەوەی ئێستەی سەرۆك بارزانی، بەڵام هەر هەموویان بەهۆی جیاوازیی هەڵوێستی لایەنەكانەوە سەریان نەگرتووە.

مەهدی عەبدولكەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، سەرۆك بارزانی دەسیتپێشخەرییەكی چاوەڕوانكراوی هەیە و لەوانەی پێشوو جیاوازە، بەڵام پێویستە بۆ سەرخستنی و كۆتاهێنان بە تەنگژەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لایەنە سیاسییەكانیش سازش بۆ یەكتر بكەن، هاوبەشی ناو هاوپەیمانی سێ قۆڵی بەردەوامە و تۆكمەیە، وەك پارتی هیچ هەنگاوێك دوور لە رێككەوتن لەگەڵ ئەوان ناوێین، بۆیە ئەوان ئاگەداری ئەو دەستپێشخەرییە دەبن كە لە رۆژانی داهاتوو دێتە راگەیاندن. 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال