شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستە لە بەغدان، لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا گەیشتنە رێككەوتنی سەرەتایی و واژوو كرا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیران، بەگوێرەی قسەی سەرچاوەیەك كە بە كەناڵی كوردستان24ی گوتووە، شاندی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە بەغدا لەبارەی تەواوی وردەكارییە هونەرییەكانی سیستمی ئەسیكۆدا رێككەوتن.
واژووكردنی ئەم رێككەوتنە، سەرەتاییە و لە قۆناغەكانی داهاتوو ڕێككەوتنێكی فەرمی واژوو دەكرێت، هەروەها جێبەجێكردنی ئەو سیستمە لە مەرزەكانی كوردستان بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی دەبێت.
سیستمی ئەسیكۆدا (ASYCUDA) سیستمێكی ئەلیكترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی داتاكانی گومرگ، لەلایەن كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) پەرەی پێ دراوە.
ئامانج لە جێبەجێكردنی ئەم سیستمە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، یەكخستنی رێكارە گومرگییەكان، نەهێشتنی گەندەڵی، ئاسانكاریكردن بۆ جووڵەی بازرگانی و زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكانە.
