ناوەڕاستی ئەم مانگە لیستی موچەی مانگی 2 بۆ بەغدا دەنێردرێت
تەوەری سەرەکی، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە، خانەنشینانی سەربازیی و هێزە ئەمنییەکان دەبێت، لەگەڵ مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییی هەرێمی کوردستان، کە یەکێک لە داواکارییەکانی بەغدا بوو، هاوتاکردنی مووچەی ئەو توێژانەش بەشێکە لە رێککەوتنی ئەمساڵی هەولێر و بەغدا.
هەر بۆ هەمان مەبەست، بڕیارە بەمزووانە ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق سەردانی هەولێر بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو زامنکردنی مووچە و بوارنەدان بە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی هیچ بیانوو و پاساوێک نەدۆزێتەوە، دەستی بە جێبەجێکردنی خاڵێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە کردووە، ئەویش:
- بە ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی مانگی یەک کە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دا، بەپێی ڕێککەوتنی هەردوولاش دەبێت کوردستان 50%ی داهاتی نانەوتی ڕادەست بکات،هەفتەی داهاتوو دەنێردرێت و ڕەنگە تا 10ی مانگ بنێردرێت، بڕەکەشی زیاتر لە 100 ملیار دینار دەبێت.
- خاڵێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە، میزان موراجەعە (تەرازووی پیداچوونەوە)ی مانگی یەکە، واتە خەرجی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، تاوەکو 15ی مانگ ئەمەش ئامادە دەکرێت و دەنێردرێت.
- لەبارەی مووچەی مانگی دوو، لیستی مووچەی مانگی یەک دەبێتە بنەما بۆ مانگی دوو، هەندێ گۆڕانکاری تێدا ئەکرێت بەڵام گۆڕانکارییەکان زۆر نابن، بڕی پارەکەش لە نێوان 950 ملیار بۆ تریلۆنێک دینار دەنێردرێت. لیستی مووچەی مانگی دووش لەدوای 15ی ئەم مانگەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت.