پارێزەری تایبەتیی كەیسی زانا حەمەساڵحی قایمقامی پێشووتری سلێمانی، نهێنیی تازەی لەبارەی كوژرانی زانای قایمقام لەنێو ئاسایشی یەكێتی لە سلێمانی و لە لایەن هێزێكی دەمامكداری سەر بەو حزبە ئاشكرا دەكات.
ئهمڕۆ هەینی (14ی نیسانی 2023) یازدە ساڵی تەواو بەسەر كوژرانی زانا حەمەساڵحی قایمقام لەنێو زیندانی ئاسایشی یەكێتی لە سلێمانی تێپەڕ دەبێت و بەبێ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەكی بەرهەمدار لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی یەكێتییەوە لە دۆسیەكە بكرێت، لە كاتێكدا پارێزەرەكەی بەڵگەی لەسەر بكوژانی هەیە.
زانا حەمەساڵح، قایمقامی پێشووتری سلێمانی، لەسەر دۆسیەیەك بە ناوی (كێشەی زەوییەكانی قولەرەیسی) تۆمەتێكی ئاراستە كرابوو، لە ڕۆژی 8ی نیسانی 2012 لە لایەن ئاسایشی یەكێتی لە سلێمانی دەستگیر كرا، تەنیا چوار ڕۆژ مایەوە و لە 14ی 4ی 2012 تەرمەكەی دۆزرایەوە كە ئەوكات بانگەشەی ئەوە كرا، گوایە خۆی كوشتووە! بەڵام كەسوكاری قایمقام و پارێزەرەكەی، پێداگری دەكەن لەوەی، زانای قایمقام لە لایەن هێزێكی ئەمنیی یەكێتییەوە كوژراوە.
هەر لە ڕۆژانی رووداوەكەدا، ساكار جەمال، هاوسەری زانای قایمقام رایگەیاند كە ”ئەوەی وای لە زانا كرد، تەكەتولی نێو یەكێتی بوو، گەمەی سیاسی بوو بە ئێمە كرا."
لەمبارەیەوە رۆژی پێنجشەممە 13ی نیسانی 2023، عومەر تۆفیق، پارێزەری نێودەوڵەتی كە لە كاتی ڕووداوەكەدا، پارێزەری زانا حەمەساڵحی قایمقام بووە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لەم ماوەیەی رابردوودا كەسێك پەیوەندیی پێوە كردووە كە ناوەكەی ناهێنێت لەبەر پاراستنی سەلامەتیی ژیانی، ئەو كەسە لە كاتی خنكاندنی زانای قایمقام لە بەندیخانەی ئاسایشی سلێمانی لە دەوام بووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی.
پارێزەرەكە بۆ (باسنیوز) گوتی: ”ئەو كەسە پێی گوتم نهێنیی زۆر وردم لایە، گوتی ئەو رۆژەی زانا تێیدا كوژرا، من خەفەر بووم، رۆژی شەممە بوو، بڕیار بوو رۆژی دواتر (یەكشەممە) زانای قایمقام ببەنە لای دادگا. تا نیوەڕۆ هاوسەرەكەی لایبوو، پێكەوە نانیان خوارد و ڕۆشتن. نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، چوار ئۆتۆمبێلی رەنگڕەش و جامڕەش هاتن كە دەوروبەری 10 چەكداری دەمامكداریان تێدابوو، هەموو ئاسایشەكانی ئەو بەندیخانەیەیان بە زەبری هێز و هەڕەشە كۆ كردەوە و لە ژوورێكیان كردین، من لە پەنجەرەكەوە سەیرم دەكرد، ڕۆیشتنە ژوورەوە بۆ نێو بەندیخانەكە، لەوێ بوو بە دەنگەدەنگ، پێدەچوو دوو كەسیان لە بەندكراوەكان بردبێتە لای زانای قایمقام، بەپێی دەنگەكانیان.“
پارێزەر عومەر تۆفیق باسیشی لەوە كرد: ”ئەو كەسە پێی گوتم، لەنێوان هێزە دەمامكدارەكە و ئەو كەسانەی لە ژوورەوە بوون، دەنگەدەنگێكی زۆر بوو، ئێمە كەسمان نەماندەتوانی بیانبینین، بەڵام ئەو كەسەی قسەی بۆ من كرد، پێی گوتم لە پەنجەرەیەكی بچووكی ئەو ژوورەی تێیدا ئاسایشەكان كۆ كرابوونەوە، سەیری دەرەوەی كردووە، تەنیا ئۆتۆمبێلەكانی لێ دیار بووە.“
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە كرد كە بەپێی ئەو قسانەی كارمەندەكەی ئاسایش پێی گوتووە، ”دوای نیو سەعات هێزەكە هاتنە دەرەوە، دەرگاكانی ئێمەیان كردەوە و پێشتر پێیان گوتبووین هەر كەسێك تا نیو سەعاتی تر لەم ژوورە بێتە دەرەوە قاچی دەشكێنین. دواتر كە هاتینە دەرەوە، بینیمان زانا هەڵواسراوە.“
بە بڕوای عومەر تۆفیق، كوشتنی زانای قایمقام، یەكلاكردنەوەی ململانێی ناوخۆیی دوو باڵی دەسەڵاتداری نێو یەكێتی بوو كە لە كۆتاییدا زانایان كردە قوربانی، لە كاتێكدا ”زانا كادیری پێشكەوتووی یەكێتی بوو، پاڵێوراو بوو بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگار، برای شەهید بوو. لە ماوەی كاركردنی خۆیدا شارەكە خزمەتی دەكرا. بۆ هەموو رووداوەكان ئامادە بوو. دوور نییە كەموكوڕییشی هەبووبێت، بەڵام دەبوایە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێ، نەك بەم شێوەیە لەناو ببرێت.“
ئەوەش ناشارێتەوە كە ئەو كەسانەی لە ڕۆژی ڕووداوەكەدا لە ئاسایشی سلێمانی لە دەوام بوون، هەموویان دواتر چاویان لەسەر بووە، بەڵگەش بەوە دێنێتەوە كە یەكێكی دیكە لەو كەسانە بە ناوی (ه) پاش ئەوەی كێشەی لەگەڵیان بۆ دروست بووە، لە سلێمانی هەڵاتووە و چووەتە ئەڵمانیا، بەڵام پاش پێدانی كۆمەڵێك بەڵێن، گەڕاوەتەوە سلێمانی و دوای ماوەیەك دەوامكردنی لە ئاسایشی سلێمانی، رەوانەی پێنجوێن كراوە، ”دواتر ڕۆژێكیان لەوێ گوتیان خۆی كوشتووە. تەنانەت نەیانهێشت كەسوكارەكەشی تەرمەكەی ببینن.“
لە كۆتاییشدا گوتی: ”كەسێكیش لەگەڵ دەزگا ئەمنیەكانی یەكێتی و لەگەڵ بەرپرسێكی دەزگایەكی ئەمنیی یەكێتی زۆر كاریان كردووە، لەم دواییانە لە سلێمانی هەڵات و هاتە ئەڵمانیا، زانیاریی زۆری بە حكوومەتی ئەڵمانیا و لایەنە پەیوەندیدارەكان داوە كە چۆن لە سلێمانی خەڵك لەناو دەبردرێ و پیلانگێڕی دەكرێ، ئەو كەسە گوتی 90٪ی ئەو جۆرە خۆكوشتنانە لە سلێمانی، خۆكوشتن نییە و كوشتنە، بەڵام ئەم ناوەی لێ دەنرێت.“