هەرێم و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی گومرگ و دابەشکردنی 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان گەیشتەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فەرمیی حکومەتی عێراق (الصباح) ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر دابەشکردنی داهاتی گومرگی دەروازە سنوورییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەپێی ڕێککەوتنەکە و لەسەر بنەمای دەستوور، داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 50% بە 50% لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی دابەش دەکرێت.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا، سیستمی تازەی گومرگی بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و سەرجەم خاڵە ناکۆکەکانی سەر سیستمەکە چارەسەر کراون، دوای ئەم ڕێککەوتنە پێویستە بازگە نایاساییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێم و بەغدا هەڵبگیرێن.
پەیوەست بە پرسی بەرهەمهێنانەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد، کۆمپانیا جیهانییەکان بەبێ وەرگرتنی گەرەنتی و دڵنیایی هەواڵگری بۆ ڕووبەڕوونەبوونەوەیان لەگەڵ هێرشی دیکە، ئامادە نین دەست بەکارەکانیان بکەنەوە.
سیستەمی ئەسیکۆدا، سیستەمێکی دیجیتاڵی جیهانی گومرگە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان پەرەی پێدراوە و شوێنی مامەڵە کاغەزییەکان دەگرێتەوە، ڕێگری لە گەندەڵی و دیارنەمانی داهات دەکات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی خێرا دەکات و باجی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان یەک دەخات.
