کۆبوونەوەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپاسی عێراق بۆ لەنێوبردنی داعش
مەسرور بارزانی، سەرۆک حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوارشەممە 8ـی دیسەمبەری 2021، لە ھەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێکران.
جەختیش لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا.
ھەروەھا گفتوگۆ لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵ و تواناکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا، لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.