رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا بەپێی خشتەیەكی پێشوەختە دەستی بە كشانەوەیەكی پلە بەپلەی هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بەشێك لە كەرەستە و توانا سەربازییەكانی بۆ پاراستنی كونسوڵگە گەورەكەی و ئاسمانی هەولێر دەهێڵێتەوە.
بەپێی رۆژنامەكە، جووڵەكەی ئەمەریكا چاوەڕوانكراو بووە، واشنتن سەرجەم سەكۆكانی بەرگریی نەكشاندووەتەوە و ئەوەندەی هێشتووەتەوە كە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا مسۆگەر بكات.
لەمبارەیەوە جەبار یاوەر ئاماژەی بەوە كرد، سێ هۆكاری سەرەكی لە پشت ئەم گۆڕانكاری و جووڵە سەربازییانەوە هەن، بەڵام لە كوردستان بەتایبەت لە هەولێر هەموو هێز و كەرەستەكانی ناگوازێتەوە، بەشێكی باشیان دەهێڵێتەوە.
یەكەم، بوونی سەرباز و فڕۆكەی جەنگیی ئەمەریكا لە ئوردن، كە لەم ماوەیەدا چەند جارێك لەلایەن ئێرانەوە بۆردمان كراون و
زیانی گیانی و مادییان لێ كەوتووەتەوە. بەپێی زانیارییەكان، هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە لە ڕووی سیستمی دژە-ئاسمانەوە (بەتایبەت پاتریۆت) ڕووبەڕووی كێشە بوونەتەوە، بەو هۆیەوە وا باس دەكرێت كە پاتریۆتەكانی هەولێر بۆ ئەو وڵاتە دەگوازرێنەوە.
دووەم- لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و ئەمەریكا لە سەردەمی كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی 2026 كۆتایی بە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بهێنرێت، ئەم كشاندنەوەیە پێوەندی بەو خشتە زەمەنییەوە هەیە.
سێیەم- بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران و زیادبوونی ئاڵۆزییەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمەریكا دەیەوێ هێزەكانی خۆی لە ناوچە پارێزراوەكاندا كۆ بكاتەوە.
جەبار یاوەر ڕای گەیاند، سیستمە ئەمەریكییەكان ئاسمانی تەواوی هەرێمی كوردستانیان نەدەپاراست، بەڵكو تەنیا ئاسمانی ئەو ناوچانەیان دەپاراست كە بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیان لێ بوو.
وەك بەڵگەیەك بۆ ئەم ڕاستییە دەڵێت، لە هەولێردا چەندان جار بنكە و بارەگای حزبە دژبەرەكانی ئێران لەلایەن تارانەوە بۆردمان دەكران، بێ ئەوەی سیستمی دژە-ئاسمانیی ئەمەریكا هیچ ڕێگرییەكی لەو هێرشانە بكات.
ئەم بابەت لەكاتێكدایە كە ئەمەریكا بەفەرمی لەمبارەیەوە هیچی رانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی بەدواچونەكان ئەمەریكا لە هەولێرەوە بەشێك لە سیستمی پاتریۆتی بردووەتە ئوردن، بەڵام سیستمی سیرام بەردەوامە لە پاراستنی ئاسمانی هەولێر.
