گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەر عێراق گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان واژۆی لەسەر کردووە و تەنها واژۆیەکی عێراقی ماوە.
زیندانیانی سیاسی کە ژمارەیان دەیان هەزار کەسە، لەمەدوا مووچەیان نزیکەی سێ هێندە زیاد دەکرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتیش دەیانگرێتەوە.
بۆ یەکەمجاریش مووچە بۆ زیاتر لە 17 هەزار زیندانی و چەند توێژێکی تر دەبەسترێت و ئەوانیش ئیمتیازاتەکان دەیانگرێتەوە.
دوای هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لە ساڵی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی.
٠ ڕێککەوتی 12-11-2024 کۆنووسێک لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و دەزگای شەهیدانی عێراق ئامادە کرا بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سەر عێراق.
٠ ساڵی دواتر 27-11-2025 کۆنووسەکە لە نێوان هەردوولا واژۆ کرا.
٠ پاشان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان 18-3-2026 واژۆی لەسەر کۆنووسەکە کرد و ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی دا.
٠ ئەوەی ماوەتەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر بکات و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
هەفتەی داهاتوو حکومەتی کوردستان دەست بە ئامادەکردنی دۆسیەکان دەکات.
٠ دوای ئامادەکردنی دۆسیەکان، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، دۆسیەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ ئەوەی دوایین هەنگاوەکان لەگەڵ بەغدا تەواو بکەن، حکومەتی عێراق پەسەندی بکات و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
٠ شاندەکە پێکدێت لە د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی کوردستان لە بەغدا.
پێدراوە یاساییەکان: ئەم بابەتە گومانی تێدا نەماوە جێبەجێ نەکرێت و یاسای بۆ دەرچووە، ڕۆژی 26-8-20215 هەمواری یاسای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا، گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکردنی مینحە و ئیمتیازاتیان بەشێکە لە یاساکە.
کێ دەگرێتەوە: بەگشتی دەیان هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن:
٠ ئێستا 26 هەزار و 807 زیندانی سیاسی دۆسیەیان بێ کێشەیە، مووچەخۆرن و تەنها مووچەکەیان بۆ زیاد دەکرێت.
٠ 17 هەزار و 537 زیندانی سیاسی دۆسیەیان تەواو بووە، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە، مووچە بۆ ئەوانیش دەبەسترێت.
٠ چەند توێژێکی تریش ئەگەر بەڵگەی پێویستیان هەبێت لێی سوودمەند دەبن و بۆ یەکەمجار مووچەیان بۆ دەبەسترێت:
- ئەوانەی لەکاتی کیمایابارنی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بووبن و چەند ساڵێک لەوێ مابنەوە.
- ئەوانەی لە کۆڕەوی 1991 ئاوارەی ئێران و تورکیا بووبن.
- ئەوانەی لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئێران و تورکیا گەڕاونەتەوە و ڕاگوێزرابن بۆ شارەکانی عێراق.
ئیمتیازەکان: زیندانیانی سیاسی و توێژەکانی تر جگە لە کۆمەڵێک ئیمتیازی تر سوودمەند دەبن:
٠ زیادبوونی مووچە بۆ نزیکەی سێ هێندە. مینحە یان مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام لەمەودوا دەبێتە ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 400 هەزار دینار.
٠ بەستنی مووچە بۆ خەڵکی نوێ بۆ ماوەی 25 ساڵ بە هەمان بڕ، واتا لە نێوان ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 400 هەزار دینار.
٠ زیادبوونی ماوەی پێدانی مینحە یان مووچە، لە هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ 10 ساڵە، بەڵام لەمەودوا دەبێتە 25 ساڵ.
٠ پێدانی پارچەیەک زەوی.
٠ قەرەبووی ئەو ڕۆژانەی لە زیندان بوون بە پارە.
٠ بڕێک پارە بۆ دروستکردنی خانوو.
٠ پێنج ملیۆن دینار بۆ چارەسەری نەخۆشی، خوێندن، حەج و عەمرە.
٠ خوێندنی بەخۆڕایی لە زانکۆ تایبەتەکان بۆ زیاتر لە منداڵێک. لە هەرێمی کوردستان پێشتر خوێندنی بەخۆڕایی تەنها بۆ منداڵێکی زیندانیانی سیاسی بوو، بەڵام لەمەودوا دەبێتە چەند منداڵێك و توێژەکانی تریش دەگرێتەوە.
