بەغدا وردبینی بۆ لیستی موچەی مانگی 6 دەستپێکرد


وردبینیی لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچێت و تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدا گەڕایەوە.


هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق هۆشداری دەدات ئەگەر هەولێر 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی نەنێرێت، ئەو بڕە پارەیە لە کۆی پارەی مووچەی مانگی شەش دەبڕێت.

پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی کوردستان لە بەغدا بەردەوامە و بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستەکە نەبووە، تیمی تەکنیکیی گەڕانەوە هەولێر، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو وردبینییەکە بە تەواوی کۆتایی بێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان ڕایگەیاند، دوای وردبینی، 50%ـی داهاتی نانەوتی کۆکراوە ڕادەستی بەغدا دەکەن، بەڵام حکومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر وەرگرتنی 120 ملیار دینارەکە وەک پشکی خۆی.

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لەسەر پرسی مووچە و پابەندییەکانی کوردستان دەڵێت: تاوەکو یاسای بودجە پەسەند دەکرێت یان ڕێککەوتنێکی نوێ دەکرێت، دەبێت حکومەتی کوردستان هەر چوار خاڵەکە جێبەجێ بکات، کە بریتین لە ناردنی لیستی مووچە و ڕاپۆرتی دارایی، هەناردەی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆ و ناردنی 120 ملیار دینارەکە.

٠ ئەگەر ئەم مانگەش ئەو بڕە پارەیە نەنێرن، ئێمە لە وادەی خۆیدا پارەی مووچە دەنێرین، بەڵام 120 ملیارەکە چەندی کەم بوو، لە پارەی مووچەی دەگێڕینەوە هاوشێوەی مانگی ڕابردوو.

بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دابەشکردنی مووچە لە ناوچەکانی تری عێراق دەستپێبکات و پاشان ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی کوردستان دەستپێبکرێت. 
أحدث أقدم

نموذج الاتصال