سەرچاوەیەك: پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عێراق چاویان بە سەرۆك بارزانی دەكەوێت


 ئێستە دۆخی سیاسی عێراق گەیشتووەتە داخران، حكوومەت و پەرلەمان بەتەواوەتی پەكیان كەوتووە، هێزە سیاسییە ركابەرەكان سازش بۆ یەكتر ناكەن، تەنانەت دەستپێشخەری و دیداری یەكتریش رەت دەكەنەوە، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە لیژنەیەكی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان سبەی لە هەولێر چاوی بە سەرۆك بارزانی دەكەوێت.


لە ماوەی رابردوودا چەند دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی داخرانی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق خرانە روو، لەوانە دوو دەستپێشخەری موقتەدا سەدر، كە ئاراستەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەندامە سەربەخۆكانی پەرلەمانی كرد، یەكێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەكێكی تری عەمار حەكیم و دەستپێشخەرییەكی سەربەخۆكانیش، كە پێشنیازی پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن ئەوانەوە كرا.
دەستپێشخەریی سەربەخۆكان دەخرێتە روو و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت
ئەندامە سەربەخۆكانی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكیان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق پێك هێنا، بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەرییەكەیان، لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەیەكی پەرلەمانی ئاماژەی كرد كە بڕیارە سبەی یەكشەم لیژنەكە لە هەولێر چاوی بە سەرۆك بارزانی بكەوێت.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، لیژنەی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان گەیشتووەتە هەولێر بە مەبەستی ئەوەی سبەی یەكشەم چاوی بە سەرۆك بارزانی بكەوێت، لەو دیدارەیشدا دەستپێشخەریی ئەندامە سەربەخۆكان پێشكەیش بە سەرۆك بارزانی دەكرێت و گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن. 

شایەنی باسە ئەندامە سەربەخۆكانی پەرلەمانی عێراق، كە ژمارەیان لە دەوربەری 40 پەرلەمانتارە، لەسەر داوای موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەلی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیان پێ درا، ئەوان بۆ كۆتاهێنان بە داخرانی سیاسی دەستپێشخەرییەكیان لە حەوت خاڵ پێشكەیش كرد، لەوانە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی گەورە لە خۆیان و هێزەكانیتر بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەرۆك وەزیرانیش كەسێكی سەربەخۆ و پاك و بەتوانا بێت.   

أحدث أقدم

نموذج الاتصال