هەشت ساڵ بەسەر کەوتنی موسڵ تێدەپەڕێت 100هەزار چەکداری عێراق بەرامبەر 500داعش هەڵاتن


 

هەشت ساڵ پێش ئێستە سوپای عێراق تووشی شۆك بوو، ئەو سوپایە بە هەزاران ئەفسەر و سەرباز و چەكی قورس لە ماوەی چەند سەعاتێك بەبێ‌ هیچ تەقەیەك بەشێكی زۆری خاكی عێراقی رادەستی چەكدارانی داعش كرد.


ئەمڕۆ هەینی 10ـی حوزەیران، هەشت ساڵ بەسەر كەوتنی مووسڵ تێدەپەڕێت، لە ساڵی 2014 بەبێ هیچ بەربەست و رووبەڕووبوونەوەیەكی ئەوتۆ 500 چەكداری داعش لە رۆژئاوای مووسڵ هێرشیانكردە سەر شارەكە و تەواوی مووسڵیان گرت.


بەپێی خەملاندنەكانی ئەو كاتە نزیكەی 100 هەزار چەكداری مەشق پێكراو بریتی بوون لە سوپا و پۆلیس بە چەكی پێشكەوتووی ئەمەریكی پڕ چەك كرابوون، خۆیان نەگرت و شارەكەیان بە دانیشتووانەوە رادەستی رێكخراوی داعش و چارەنووسێكی نادیار كرد.


دوای كەوتنی مووسڵ، لەلایەن حكوومەتی ئەوكاتەی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهات، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێك لەسەر ئەو شكستەی سوپای عێراق و ئەو زیانە گەورەیە بەر ئەو وڵاتە كەوت سزا نەدرا.


بەپێی راپۆرتی میدیاكان هۆكاری سەرەكی كەوتنی مووسڵ بریتی بوون لە ناكۆكیی سیاسی، ململانێی تائیفیی، نەبوونی متمانەی دانیشتوانی شارەكە بە هێزەكانی عێراق، ململانێی سوپا و پۆلیس لە ناوچەكە.


بەهۆی كەوتنی مووسڵ و شەڕی ئازادكردنەوەی شارەكە لە دەستی داعش، بەگوێرەی ئامارێكی نافەرمی زیاتر لە سێ‌ هەزار هاووڵاتی سڤیل كوژراون، هەروەها 80%ـی شارەكەش بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال