دوای 16ی ئۆکتۆبەر هیچ پۆستێک بەدەست کورد نەماوە


 "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە كەركووك بەتەواوی لە پۆست و دەسەڵاتی شارەكە دوور خرایەوە و بەپێی زانیارییەكان، 18 پۆستی گەورەی لە دەست داوە، جگە لەوەش لە چەندان بەرپرسیارێتی دوور خراوەتەوە، لە هەندێك دەزگادا هیچ كوردێكی لێ نییە."


"رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر رووداوێكی ئاسایی نەبوون، پاشەكشەیەكی گەورە بوو، رووداوێك بوو بووە هۆی لەدەستدانی تەواوی ئەو رەنج و قوربانیانەی كورد بۆ ئەو شارەی دابوو، كورد دوای هەزاران شەهید و قوربانی لە كەركووك دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوەوە هەمووی لە دەست دا."

"بەپێی زانیارییەكان كورد لە چەندان شوێنی گرنگی شارەكەدا هیچ كارمەند و بەرپرسێكی نییە، لە كاتێكدا بەپێی ئەنجامی دواین هەڵبژاردن، هێشتا هەر زۆرینەی كەركووك پێكدێنێت."

"بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵا، كورد لە دامەزراوە تەناهی و ئیدارییەكانی كەركوكدا بەتەواوی پەراوێز خراوە."

"لەدەستدانی پۆستەكانی كورد بوونەتە هۆی ستەم و تەعریبێكی تر دژی كورد، شاخەوان عەبدوڵا پێی وایە بابەتی وەبەرهێنان لەم شارە كە لە ژێر ناوی وەبەرهێناندایە، تێیدا پرۆسەیەكی زۆر ناشیرین دەستی پێ كردووە ئەویش داگیركردنی زەویی كوردە كە پێچەوانەی ڕێنوێنییەكانی مادەی 140ە."

"پارتی پێی وایە ئەوەی دەگوزەرێت تەعریبێكی نوێیە بەناوی پڕۆژە و یاسا و ئاوەدانكردنەوە، دەسەڵاتدارانی ئێستەی شارەكە بێگوێدانە تایبەتمەندیی كەركووك، بەدەرفەتی دەزانن زۆرینەی شارەكە لە كوردەوە بۆ عەرەب بگۆڕن."

"لە ئۆكتۆبەری 2026دا، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی بەڕێوەبردنی چوار كێڵگەی سەرەكیی نەوت و غازی كەركووكی وەك 'كەركووك، بای حەسەن، جەمبوور، و خەباز' لە كۆمپانیای نەوتی باكورەوە، گواستەوە بۆ دەستەیەكی كارگێڕی هاوبەش كە لەگەڵ كۆمپانیای بی پی (BP) پێكهێنراوە."

"بەپێی زانیارییەكان، بڕیار بوو خەڵكی شارەكە بەشدارییان لەو پڕۆژە نەوتییەدا پێ بكرێت، بەڵام وەزارەتی نەوت و كۆمپانیا بەریتانییەكە زیاتر لە 90 كۆمپانیایان بردووەتە كەركووك كە زیاتر لە 70یان لە دەرەوەی كەركووكەوە براونەتە شارەكە، ژمارەیەكی بێشوومار بازرگان و كرێكار و شارەزای بوارەكەیان لە شارەكانی ترەوە بردووەتە كەركووك و ئەمەش رێژەی دانیشتووانی عەرەبی زیاتر كردووە."

"بەپێی بەدواداچوونی 'وشە'، هیچ لەو كۆمپانیا و كرێكار و شارەزایانەی لە كەرتی نەوتی ئێستەی كۆمپانیا بەریتانییەكە كار دەكەن كورد نین، هیچ دەرفەتێكیش بۆ كورد ناڕەخسێت كار لەو پڕۆژەیەدا بكەن."

"شاخەوان عەبدوڵا باسی لەوە كرد، لە كەركووك لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانەوە بگرە تا تەواوی دەزگا تەناهییەكان، كوردێك نییە بەرپرسی فەرمانگەیەكی تەناهی بێت كە ئەمە نادادپەروەرییەكی یەكجار گەورەیە."

"لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و لە ڕێگەی بڕیارەكانی بەغداوە، دەستكارییەكی گەورە لە پۆستە هەستیارەكان، ئیداری، خزمەتگوزاری و تەناهییەکانی شاری كەركووك كرا. لە ئەنجامدا زۆرینەی ڕەهای ئەو پۆستانەی كە پێشتر لە دەست كورددا بوون 'وەك قایمقامییەكان، بەڕێوەبەرییەكان، سایلۆ، كشتوكاڵ، كارگە، وەبەرهێنانی ئەوقاف، بەڕێوەبەری شارەدێكان، بیناسازی، بەرپرسی بەشە جیاوازەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و غاز، داد و تەندروستی' لە بەڕێوەبەرە كوردەكان سەنرانەوە."

"بەپێی بەدواداچوونی 'وشە' كورد لە شارەكە ئەگەرچی وەك دانیشتووان یەكەمە، بەڵام هیچ پۆستێكی گرنگی شارەكەی بەدەستەوە نییە، ئەگەر بەزووترین كاتیش هەوڵی رژد نەدرێت، لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا كورد دەبێتە كەمینە و ئەوكات لەرووی یاساییشەوە داواكردنی پۆست بەتەواوی ئەستەم دەبێت."
أحدث أقدم

نموذج الاتصال