ئاسۆ حاجی : هیچ دەرفەتێک بۆ قوباد و حزبەکەی نەماوە

ئەو چایەی قوباد هەرگیز نایخواتەوە !

چەند مانگە کاک قوباد زیز بووە، بەڵام حوکمڕانی کوردستان کوریشکی نەکردووە، واتا نە ملیمەک ئەملا و نە ملیمەک ئەولای نەکردووە. ئەوەش ئەوە نیشان دەدات کە خۆ تەریک کردنی کاک قوباد لە پێناو بژێوی خەڵک و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری نەبووە، وەک خۆی و میدیای حیزبەکەی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو  پرسێکی کەسییە و پەیوەندی بە بۆچوون و بڕیاری خۆیی و حیزبەکەیەتی. ئەگەر وا نەبووایە ئێستا دەبوا بە زیز بوونی کاک قوباد، حکومەت پەک و وڵاتیش کۆستی بکەوێت، دەبوایە ئەگەر خەڵکیش نا، وەزیرەکانی حیزبەکەی خۆی هەست بە بۆشایی نەبوونی قوباد بکەن، نەک لە شەرم و لە بەر پێگیربوونی ئەخلاقیان بە حیزبەکەی ئەوانیش کورتە هەڵوێستێکی لەگەڵ وەرگرن.

قوباد و حیزبەکەی هەموو شتێکیان تاقی کردەوە، تا سەرۆکی حکومەت و حیزبەکەی ناچار بکەن، داوا شەخسی و حیزبییەکانی قوباد جێبەجێ بکەن، پرسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف و چیتر داوا نەکردنی گەڕاندنەوەی پارە و داهاتی سنوورەکانی و ناوخۆی سلێمانی و هەلەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین. ڕوویان لە بەغدا کرد، هیچیان وەدەست نەکەوت و لەگەڵ خۆیان هاوپەیمانەکانیشیان بە دۆڕان دا، پەنایان بۆ ئێران بردەوە، وەک جاران ئێران وەڵامی نەدانەوە، چونکە هەمان گرنگی جارانیان بۆ ئێران نەماوە، تورکیایان تاقی کردەوە بە هەموو تەنازولاتێک بەڵام بە دەست بەتاڵی گەڕانەوە.

ئێستا هەندێک دەنگ هاتوونەتە سەر ئەوەی سەرۆکی حکومەت تەنها بچێت چایەک لەگەڵ قوباد بخواتەوە، کێشەکان چارەسەر دەبن! پرسیار ئەوەیە کەسێک کێشەکانی تەنها بەشی چایە خواردنەوەیەک بکات، دەبێت کەسێک جدی بێت و کێشەکانی جدی بن و شایەنی ئەوە بن خەڵک گرنگیان پێ بدات! 
بە بۆچوونی من هیچ دەرفەتێک لە بەردەم کاک قوباد و حیزبەکەی نەماوە جگە لە گەڕانەوە بۆ بەشداری کردنێکی پێویست لە حکومەت، وەک ئەوەی لە رێکەوتنی پێکهێنانی حکومەت واژۆ کراوە، نە زیاد و نە کەم، بۆیە قسە فڕێدان و هەڵگرتنەوە هیچ ئەنجامێکی نابێت، جگە لە مل دان بۆ گەڕانەوە بۆ کاری ئاسایی و جێبەجێکردنی کارنامەی ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات.

رەنگە بەو شێوەیە کاک قوباد شانسی ئەوەی هەبێت چایەک لە دیوانی سەرۆکی حکومەت بخواتەوە، ئەگەر نا هەرگیز ئەو چایەیە ناخواتەوە کە شیرینی گەڕانەوەی بۆ دەسەڵاتی پێ ببەخشێت.

ئاسۆ حاجی /نوسەر و ڕۆژنامەنوس

أحدث أقدم

نموذج الاتصال