سێ مانگە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی گرتنی بۆ (هونەر رەشید شێتنەیی) دەرکردووە و دەسەڵاتدارانی سلێمانی ڕادەستی ناکەن
وێڕای تیرۆریستان و بكوژانی عەقید هاوكار جاف، تا ئێستا سەدان کەسی تر لەلایەن دادگاکانی کوردستانەوە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە سلێمانی لەژێر سایەی دەسەڵاتتدارانی ئەو شارەدا، داڵدە دراون و ئامادە نین ڕادەستی دادگایان بکەن
بەپێی چەند بەڵگەیەكی رەسمی، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لە 2023/1/19 فەرمانی گرتنی بۆ تۆمەتباری هەڵاتوو هونەر رەشید شێتنەیی دەركردووە، ئەویش بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی. بەڵام ئێستا لە سلێمانییە و نەک هەر دەستگیر نەكراوە، بەڵکوو لای بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و وەهاب هەڵەبجەیی (كە ئەمەی دواییان خودی خۆیشی لە كەیسی تیرۆركردنی هاوكار جافدا تاوانباری داوا كراوە) داڵدە دراوە و لە سۆشیال میدیاش سووکایەتی بە خەڵک دەکات و لەم دواییەش لە تۆمارێکی دەنگییدا بە ئاشکرا دانی بەوە دا نا کە لەگەڵ چەند کەسێک بەشدار بووە لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان.
دوای 13 ساڵ لە تاوانی کوشتنی گەنجێكی قوتابیی هەولێر بە ناوی (زەردەشت عوسمان)، تۆمارێكی دەنگیی كەسێكی نزیك لە بافڵ تاڵەبانی بە ناوی شەهاب رەشید ئەسعەد، ناسراو بە (هونەر رەشید شێتنەیی) بڵاو كرایەوە كە لە تۆمارە دەنگییەكەدا رۆژنامەنووسێك بە ناوی (زانكۆ بورهان) لەگەڵیدا قسە دەكات و تێیدا هونەر شێتنەیی دان بەوەدا دەنێت كە ئاگاداری وردەكاریی رووداوەكەیە و پێش تاوانەكە و دوای تاوانەكەش لەگەڵ بكوژانی زەردەشت عوسماندا بووە و تەنانەت لە قۆناغێكی تاوانی تیرۆركردنی سەردەشت عوسماندا ئۆتۆمبێلی شەخصیی ئەو بەكار هاتووە، دواتریش لەگەڵ بكوژان و ڕفێنەرەكان ئێوارەی هەمان ڕۆژی تاوانەكە، ئەو (هونەر شێتنەیی) لەگەڵ ڕفێنەرەكان پێكەوە بوون لە هۆتێلێكی هەولێر نانیان خواردووە.
چاودێران پێیانوایە كە ئەم قسانەی هونەر رەشید شێتنەیی گومانەكانی لەسەر كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان زیاتر كردووە بەو بەڵگەیەی خۆی دان بەوەدا دەنێت كە ئاگاداریی وردەكاریی تیرۆركردنی زەردەشت عوسمانە و ئۆتۆمبێلەكەی ئەویش لە بەشێكی ئەو تاوانەدا بەكار هاتووە. هاوكات چاودێران داوا دەكەن هونەر رەشید شێتنەیی كە ئێستا سەر بە یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانییە، دەبێ لەبەردەم دادگا ئامادە بێت.
بەپێی ئەو نووسراو و بەڵگانەی دەست باسنیوز كەوتوون، رۆژی 19ی 1ی 2023 و پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكە، دادوەری یەكەمی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر، یاداشتی دەستگیركردنی (هونەر رەشید شێتنەیی)ی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری كردووە و تێیدا ڕوونی كردووەتەوە كە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی كە باری توندكەری تاوانی كوشتنی بەمەبەستە، فەرمانەكەی دەركردووە.
ڕۆژی 23ی 1ی 2023ش دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر یاداشتی دەستگیركردنەكەی ئاراستەی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كردووە، بۆ ئەوەی هونەر رەشید شێتنەیی دەستگیر بكرێت. بەڵام تاوەكوو ئێستا هونەر شێتنەیی لە سلێمانی دەستگیر نەكراوە و لای بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی داڵدە دراوە.
بەپێی تۆمارە دەنگییەكە، هونەر شێتنەیی چەندان جار باس لەوە دەكات كە ئێستا پیاوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و بەبێ ئاگاداریی ئەوان هیچ كارێك ناكات، بۆیە گومان دەكرێت هەر لەبەر ئەوەی پیاوی یەكێتییە و بەهۆی ترسانیان لە ئاشكرابوونی تێوەگلانیان، یەكێتی ڕێگە نەدات دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بكەن.
جێی باسە، لە هەردوو كەیسی تیرۆركردنی هەریەكە لە عەقید هاوكار جاف و موراد كانی كوردەییشدا، كۆمەڵێك تاوانبار داوا كراون لەلایەن دادگاكانەوە، كە دیارترینیان وەهاب هەڵەبجەییە، بەڵام تا ئێستا قوباد و بافڵ تاڵەبانی داڵدەیان داون و رادەستیان ناكەن، جیا لەوە بافڵ تاڵەبانی لە تازەترین لێدوانیدا لەبارەی تاوانبارانی ئەو كەیسانەوە، بەئاشكرا رایگەیاند: ”یەك كادیری خۆم تەسلیمی دادگا ناكەم.“