ساڵ یادی کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بارزانی

 لە رۆژێکی وەک ئەمرۆدا لە سالی 1969/1/11شێخ ئەحمەد بارزانی کۆچی دوایکرد

شێخ احمد لە ساڵی ١٨٩٢ دا لەناوچەی بارزان لەدایک بووە و پاش لەسێدارەدانی شیخ عەبدولسەلامی براگەورەی، لەلایەن عوسمانیەکانەوە دەبێتە خودانی بارزانیەکان و ڕێبەری تەریقەی نەقشبەندی لە ناوچەکەدا.


لە ساڵی ١٩٣١ دا بەهۆی ناکۆکیەکانییەوە لەگەڵ حکومەتی ئەوسای عێراقدا، شەڕ وپێکدادان لەنێوان هێزی بارزانییەکان و سوپادا ڕوودەدات و نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، کەدواتر بە شۆڕشی یەکەمی بارزان ناسێندرا.


بەڵام بەشداریکردنی هێزی ئینتیدابی بەریتانی لە شەڕەکاندا و بۆردومانی ئاسمانیی بۆسەر ناوچەکان، وادەکات شێخ ئەحمەد لەگەڵ ٤٠٠ هاوەڵیدا، بەرە و تورکیا بڕۆن و لەوێ داوای پەناهەندەیی بکەن.


حکومەتی ئەوسای تورکیاش، بەهۆی ئەوی کە پێشتر شێخ ئەحمەدی بەهاوکاریکردنی شۆڕشی ئارارات تۆمەتبار دەکرد و بۆ تێکنەچوونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراقدا، خۆی و هاوەڵەکانی ڕادەستی بەغداکردەوە.


لەگەڵ ڕادەستکردنەوەیدا بۆ شارەکانی باشوور دووردەخرێتەوە و ساڵی ١٩٣٦ دەهێنرێتە بەغدا، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ دوورخستنەوەی شێخ مەحمودی حەفید دا بۆ ئەوشارە و بەوەش سەردان و پەیوەندیی لەنێوانیاندا دروست دەبێت. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی عێراق شێخ ئەحمەد دووردەخەنەوە بۆ ناسریە.


ساڵی ١٩٣٩ بۆ ماوەیەکی کەم دەینێرنە پردێ و کفری و پاشان لەسلێمانی جێگیردەبێت. لە ١٩٤٣ دا مەلا مستەفای برای لەناوچەی بارزان شۆڕش دەستپێدەکاتەوە و کاتێک حکومەت داوای دانوستانی لێدەکات، یەکەم مەرجی بۆ دانوستان و ڕێککەوتن گەرانەوەی شێخ ئەحمەد دەبێت بۆ بارزان و ساڵی ١٩٤٤ بڕیاری دورخستنەوەی لەسەر لادەبرێت و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.


لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی کوردستان له مهاباد، شێخ ئەحمەد بە هاوەڵی مەلا مستەفا و هێزێکی بارزانییەکان بەشداریی شۆڕشەکە دەکەن. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له مهاباد مەلامستەفا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەڕوات، بەڵام شێخ ئەحمەد بۆ پاراستنی گیانی ژن و منداڵەکان خۆی ڕادەستی عێراق دەکاتەوە.


پاش دەستبەسەرکردنی، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆدەردەکرێت، بەڵام دوای سێ ساڵ بریارەکە دەگۆڕدرێت بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتایی و تاکودەتای ساڵی ١٩٥٨ لە بەندیخانەدا دەبێت. ئازاد بوونی شیخ ئەحمەد هاوکات دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی مەلا مستەفادا لە یەکێتی سۆڤیەت.


لەوێ بەدواوە و پاش گەڕانەوەی بۆ ناوچەی بارزان، خۆی بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری کاری ئایینی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە تەرخان دەکات و لە پرسی شۆڕشدا بەشداریی ڕاستەوخۆ ناکات.


بارزانیەکان، سەردەمی ڕابەرایەتی شێخ ئەحمەد بەسەردەمێکی زێڕین دادەنێن، کەتیایدا پێشکەوتن و چاکسازیی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە.


لەکانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٩ دا باری تەندروستیی شێخ ئەحمەد تێک دەچێت و لە نۆی ئەومانگەدا، بە هەلیکۆپتەر دەبرێتە بەغدا بۆچارەسەرکردن، بەڵام سەرلەبەیانی ١١ مانگ لەنەخۆشخانەی ئیبن سینا لەبەغداد کۆچی دوایی کرد.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال