بزووتنەوەی گۆڕان، شاسوار عەبدولواحید بەوە تۆمەتبار دەكات كە هەر نۆ ئەندامەكەی فراكسیۆنی نەوەی نوێی لە پەرلەمانی عێراق بەرامبەر بە پەنجا ملیۆن دۆلار فرۆشتووە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پۆستێكدا بڵاوی كردەوە: ”پەرلەمانێک یەکەم کاری بە کڕین و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتار دەست پێ بكات، ھیچی لێچاوەڕێ ناکرێ! ئێستاش تێنەگەشتم ھەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ کرا!“.
شەوی رابردووش، ئاسۆ مەحموود، باژێڕوانی گۆڕان لە سلێمانی كە ماوەیەكە بەهۆی نیگەرانییەكانی لە حزبەكەی وازی هێناوە، ئاشكرای كرد: ”حزبێك نۆ ئەندام پەرلەمانی بە پەنجا ملیۆن دۆلار فرۆشتووە، بژی مافی خەڵك!“.
لە لایەن خۆیەوە ئەحمەد پیرۆت، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان تایبەت بە فرۆشتنی پەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ راگەیاند: ”ئهمهی کراوه بڕیارێكی نائهخلاقی بووه و کارهساته بۆ پرۆسەی سیاسی که یاری به چارهنووسی دهنگی خهڵکهوه بکرێت و عهیبهیهکی گهوره بوو که پهرلهمانتار بفرۆشرێت“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ”هێشتا دیار نییه چۆن فرۆشراون، بەڵام ئەم كارە خۆی كارەساتە“.
دووپاتیشی كردەوە، ”ئێمه زانیومانه به لیستێکی دیاریکراو فرۆشراوه و پارهکهش دیار نییه چۆن وهرگیراوه، ئهمه نائهخلاقییه و دهرگا بۆ گهندهڵیی دیکه دهکاتهوه“.
لە بەرامبەردا رێبوار ئاوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە روونكردنەوەیەكدا هێرشی كردۆتە سەر گۆڕان و سەركردەكانی و رایگەیاندووە: ”هەندێك هێز و کەسی دۆڕاو کە هەمیشە بە دوای پۆستەوەن، یاخود هێزی تر کە هەمیشە دوای دەسەڵات دەکەون یان هەمیشە بێهەڵوێستن و هەڵاتوون لە رووبەڕووبوونەوەی ناو هۆڵی پەرلەمان“، تۆمەتیان بۆیان دروست كردووە كە ئەو تۆمەتەكانی بە ”درۆی شاخدار“ وەسف كردووە.