ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند دەکات


 ئەمڕۆ چوارشەممە 11/22، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی و هێزی کاری کەرتی گشتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاریى ورد لەسەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستی خستەڕوو، بە مەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، بە ڕەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.

لەمبارەیەوە پێشنیارو ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی بە شێوەیەکی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەش کرد کە کاریگەریى ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی وەزیفەی گشتی، دواتر لە نێو ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتی و ئاماژەیدا بەوە دا کە سەرجەم خشتە و زانیاریی و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم کرا کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.

دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد لە پێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتیی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە هاوکاری ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندکران، فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کارنامەکە، گفتوگۆ دەربارەی جێبەجێکردنی چەند ماددە و بڕگەیەکی دیکەی یاسای چاکسازی کرا تایبەت بە بواری خانەنشینیی کە لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی و خانەنشینیی لە هەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەریی و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بوودجەی گشتیی، لە هەمان کاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.

 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال