ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لە لایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا.
"هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە"
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە.
سەبارەت بە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، وەک لە ڕێککەوتنە هاوبەشەکە هاتووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و بەردەوامی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم لە وردبینی وەرزیی داهات و خەرجییەکان ، لەم ڕووەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو داهات و خەرجییەکانی، شەفافانە خستووەتە بەردەمیان.
ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە نەوتیش، دەڵێت: وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە بەردەستخستنی زانیاری و داتاکان و سەردانی ڕاستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتونەتە لەیەکگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەرهەمهێنانی نەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمی کردووە، هەروەها ئەم ڕێکارانەش پابەندی هەرێم بە ڕێكکەوتنەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
"دەبێت حکوومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا مووچە بنێرێت"
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆیی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات بە ناردنی دەستبەجێی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانناردووە و مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێبەش کراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لە ژێر هیچ بيانوويەک، ئەم مافە پێشێل بکرێت بە تایبەتیش ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بە زیادەوە، جێبەجێ کراوە.
هاوکات ئەنجوومەنەکە، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بوونە قوربانی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستووری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجوومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە لە پێناو دابینکردنی مووچە وشایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە تێکدان و خراپەکاری و چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت .
لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، کە میوانداری لیژنەیەکی هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی) و ( وەزارەتی دارایی وئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکان) و ( وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی ) و ( وەزارەتی ناوخۆ) کرابوو، لیژنەکە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لە لایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکارەکانیان یەکدەخەن و دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکومەتی فیدڕاڵ.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران ، وێڕای دەستخۆشیكردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە.
ئەنجوومەنی وەزیران وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، بڕیارەکەی ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی و یەکخستنی ڕێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جموجۆڵ وئاڵوگۆڕیی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستیەکان بوون لە نێوان هەردوولا کە ببووە مایەی گلەیی و گازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدڕاڵ.