بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق
گفتوگۆی كردووە لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ژێرخانی وزە (كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان)، بەوانەشەوە کە لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و جەختی لە گرنگیی ئەوە كردووەتەوە کە حکوومەتی فیدڕاڵی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و ڕێگریش لە هێرشی دیکە بکات.
رۆبیۆ بە سوودانی گوتووە، ”گرنگە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هەروەها هەناردەکردنی نەوت کرد لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق-تورکیا دەست پێ بكاتەوە.“
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانیاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانییەکانی وڵاتەكەی سەبارەت بە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپات كردووەتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە، دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژموونی ئێران و ئەو گرووپە چەکدارییانەی كە سەروەریی عێراق لاواز دەکەن كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە گرووپی تیرۆریستی ناوی بردوون.