گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تامی بروس
ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە توندی دژی پڕۆژەیاسایەکی پێشنیازکراوی عێراق دەوەستێتەوە کە ئامانج لێی بەدامەزراوەییکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبییە، و هۆشداریی دا کە ئەمە پێچەوانەی ئامانجە هاوبەشە ئەمنییەكانی واشنتۆنە لەگەڵ بەغدا.
بروس ڕەخنەی لە یاساکە گرت و بە "هەنگاوێکی زۆر نایارمەتیدەر" وەسفی کرد، و گوتی: کە ئەوە فەرمیبوون دەبەخشێت بەو گرووپە چەکدارانەی کە پەیوەندییان بە قەوارە و سەرکردەی تیرۆریستییەوە هەیە، کە هەندێکیان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و کارمەندانی ئەمریکییان کوشتووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەشێك لە گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی بە هێرشكردن بۆ سەر دامەزراوەكانی ئەمریكا و كێڵگە نەوتییەكان و هێرشكردن بە درۆن بۆ سەر هەرێمی كوردستان و پێگەكانی ئەمریكا تۆمەتبار كراون.
لە پاش گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا لەبارەی وەبەرهێنانی وزەوە، هێرشەكان بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەكانی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە.