ڕاوێژکارێکی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەن لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەون.
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەربارەی دۆسیە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی و پرسی چەکی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ئێران بەڵێن دەدات هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەکات و کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو نەهێڵێت و یۆرانیۆم تەنیا بەئاستێکی پێویست بۆ بەکارهێنانی مەدەنی بپیتێنێت و ڕێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بدات سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکەن.
وتیشی: “هەموو ئەمانە لە بەرامبەر هەڵگرتنی دەستبەجێی هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی سەپێنراو بەسەر ئێراندا”.
شەمخانی ئەوەشی خستەڕوو کە ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆکان، ئامادەیە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات.