سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک گەنجی کوردستانیانی دیاسپۆرا کرد.
ڕۆژی یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە 110 گەنجی پارچەکانی کوردستانیی دانیشتووی دیاسپۆرا کرد کە لە ناویاندا 12 گەنجی وڵاتانی ئەوروپاییش هەبوون.
لەسەرەتای دیدارەکە بەڕێز اسماعیل کامیل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاڵپشتی کردن لە هەوڵی کۆکردنەوەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نیشتیمانی بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوییان، دواتر بەڕێز یاد ئەمین سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی وێرای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پاڵپشتییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی و سازدانی ئەم گەشتە بۆ جەنابیان باس کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر ئامانجە نزیک و دوورەکانی ئەم پڕۆگرامە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی باسی لەگرنگیی کۆبوونەوەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نەتەوەیی لە پێناو پاراستنی کولتوور و زمان و شوناسی نەتەوەیی و پاڵپشتی کردنی دۆزی ڕەوای کوردستان کرد، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەنجانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێت پێگەو سەنگیان هەبێت لە ئۆرگان و دامەزراوە ئەوروپیەکاندا و بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن، هەروەها ببنە پردێکی بەهێزی پەیوەندی لە نێوان دیاسپۆرا و نیشتیمان و لەدەرەوەش لۆبیەکی بەهێز لە بوارەکانی دیبلۆماسی و سیاسیی و فەرهەنگی بۆ کوردستان دروست بکەن.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا جەنابی سەرۆک بارزانی باسی لە بارودۆخی پارچەکانی تری کوردستان کرد و تاکیدی لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای کوردستان لە پارچەکانی تری کوردستان کردەوە.