حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی پابەندییەكانی، بۆ ئەوەی بەغدا لەبەرامبەردا؛ مووچەی مانگی هەشت لەزووترین كاتدا ڕەوانە بكات و، لە سەرەتای مانگی داهاتووش، مووچەی مانگی نۆ بنێرێت.
دوای ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵ و كۆمپانیاكانی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەربەستەكانی بەردەم ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان نەماون، حكومەتی فیدڕاڵ بەڵێنی داوە مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا ڕەوانە بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لای خۆیەوە بڕیاریداوە تا ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر دیاریكردنی داهاتی ناوخۆیی دەكرێت، مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بخاتە سەر خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق، لەپێناو ئەوەی هیچ بیانووێك بۆ ناردنی مووچە نەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی فیدڕاڵ ڕایگەیاند حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كورد لە بەغدا داوایانكردووە، لەماوەی مانگێك و چەند ڕۆژێكی بەر لە هەڵبژاردن، دوو مووچەی یەك لە دوای یەك بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت.
هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن، تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، مووچەی مانگی هەشت دابەش بكرێت و مووچەی مانگی نۆ لە سەرەتای مانگی داهاتوو و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دابەش بكرێت. بۆ ئەمەش؛ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان چەند ڕۆژێكە ئامادەكارییەكانی بۆ كۆكردنەوەی داهاتی نانەوتیی مانگی هەشت دەستپێكردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن و لیستی مووچەی مانگی هەشتیش دەمێکە لە بەغدایە و وردبینی بۆ کراوە و هیچ گرفتی نییە.
لە دواهەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بەكۆی دەنگ، وەزارەتی دارایی و ئابووری سەرپشك كرا لەوەی مانگانە لە داهاتی ناوخۆ، بڕی 120 ملیار دینار كۆ بكاتەوە و بۆ بەغدای بنێرێت، بۆ ئەوەی كێشە بۆ مووچە دروست نەكرێت.
وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو، شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنە وزارییەکەی حکومەتی عێراق، لەبارەی وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆببنەوە و لەو كۆبوونەوە بڕیار دەدرێت كە مانگانە هەرێمی کوردستان وەک داهاتی نانەوتی چەند بدات بە حکومەتی عێراق.