پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیركردووە كە بە فێڵ پارە و زێڕی لە ئافرەتێك سەندووە، هەروەها دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گرتووە، كە لەشاری هەولێرەوە دزرابوو و برابووە شاری سلێمانی
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیاند، ئافرەتێك سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێك تۆماركرد، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناسیویەتی و بەناوی وەرگرتنی ڤیزای ئەوروپاوە بڕی 20 هەزار دۆلاری لێسەندووە و دوای ماوەیەک خۆونکردن، جارێکی دیکە دەرکەوتووەتەوە و داوای 10 هەزار دۆلاری دیکەی کردووە و ئافرەتەکە نەیبووە، تۆمەتبارەکە داوای زێڕی لێکردووە.
پۆلیس دەڵێت دوای چاودێری و لێكۆڵینەوەی ورد و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبارەكە لەلایەن پۆلیسەوە لە كاتی وەرگرتنی زێڕەکە لە سكاڵاكار، دەستگیربكرێت.
سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و ئاماژەی بەوە كردووە، كە بەو پارەیەی لە ئافرەتەكەی سەندووە، ئوتۆمبێلێكی كڕیوە "دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە".
تۆمەتبارەکە ناوی (س،ج،ن) لەدایكبووی 1989یە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای هەولێرەوە زانیاری گەیشتە پۆلیسی سلێمانی كە ئۆتۆمبێلێك دزراوە و گومان دەكرێت بەرەو شاری سلێمانی هێنرابێت، پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی دەستپێكرد و توانیان ئۆتۆمبێلەكە بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن
بەشەکان
کوردستان