یەکێتی 17 ساڵە پۆستی سەركۆماری عێراقی لایە و ھیچی بۆ کورد نەکردووە

سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان نەچێتە ململانێوە، چونكە ”لە بەرامبەر پارتی شكست دێنێت“.

ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە 23ی 1ی 2022، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاری دا، بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق بناسێنێت، هەرچەندە دوو كادیری دیكەی ئەو حزبەش خۆیان بۆ هەمان پۆست كاندید كردبوو.

لە بەرامبەردا کەریم مەغزی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان  ڕاگەیاند، یەکێتی لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە پۆستی سەركۆماری عێراقی لایە، ”ھەرچەندە ئەو پۆستە تەشریفاتییە، بەڵام یەکێتی لە ڕێگەی ئەو پۆستەوە نەیتوانیوە ھیچ بۆ کورد بکات، کەچی ئێستاش یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە ململانێ لەگەڵ پارتی دەکات“.

ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر یەكێتی لە ڕێگەی پۆستی سەركۆماری عێراقەوە خزمەتی گەلی كوردستانی بكردایە، ”منیش پێم باش دەبوو ئەو پۆستە لای یەکێتی بمێنێتەوە، بەڵام سەیرە، ئەو حزبە ھەمیشە داوای ئەو پۆستە دەکات، كەچی ناشتوانێت خزمەتی گەلی کوردستان بکات“.

بە بڕوای ئەو سەركردەیەی گۆڕان، پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق دەستنیشان كردووە و ”تاوەکوو ئێستا سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، بۆیە باشترە یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە ململانێ لەگەڵ پارتی نەکات، چونکە تووشی شکست دەبیت“.

پێشتریش محه‌مه‌د رەئو‌وف كە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری جێگری بەرهەم ساڵح بوو،  راگەیاندبوو، بەپێی ڕێككەوتنی نێوان رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی عەزم و تەقەدوم لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركەوتنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق ”مسۆگەرە“.

 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال