بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی راگەیاندراوێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا جەختی لەوە كردووەتەوە كە پۆستی سەركۆمار شایستەبەشی هەڵبژاردنی پارتییە و یەكێتی نازانێ چی لە بەرهەم ساڵح بکات، بۆیە کاندیدی کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە سەركردایەتیی یەكێتی راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا گازاندەی ئەوەی كرد كە پارتی دەیەوێت كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق سەربخات، بۆیە ئەوان بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەركۆمار كاندید دەكەن، لەمبارەوە بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16ی پارتی راگەیاند ”ئهو پۆسته به هیچ شێوهیهك شایستەبەشی یهكێتى نییه، ئەگەر كاتى خۆى یهكێتى پۆستی سهركۆمارى پێدراوە، لهبهر ئهوه بووە كە رێكهوتنێكى ستراتیژى ههبوو، بەڵام ئێستا وەك سەركردەكانی خۆیان دەیانگوت، ئهو رێككهوتنه نهماوه، بۆیه بهپێی هێزى براوه بێت له ههرێمى كوردستان، پارتى شایهنى ئهم پۆستەیە و دوودڵیش نین لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە“.
هەروەها ڕوونی كردەوە "پێش یەكەمین كۆبوونەوەی خولی تازەی پەرلەمانی عێراق، پارتی و یەكێتی خاڵی هاوبەشیان زۆر بووە، بەڵام ”دواى ئهوهى یهكێتى خۆى دایه پاڵ لایهنێكى عەرەبە شیعەكان و بە تەوجیهی وڵاتێكی هەرێمی دانیشتنى یهكهمى پهرلهمانى جێهێشت و دهنگیان بە كاندیدی پارتی نهدا، هاوكێشەكە گۆڕا، چونكە یەكێتی دەیتوانی دهنگ بە حهلبووسى و جێگرهكهى دیكەی نەدات، بهڵام زۆر ئاسان بوو دهنگ به كاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بدات، هەرچەندە بەبێ دەنگی ئەوانیش كاندیدەكەمان سەركەوت“.
بە بڕوای ئەو سەركردەیەی پارتی، لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراقدا ”یەكێتی پاڵهپهستۆیهكى ئێجگار زۆرى هەرێمی لهسهر بوو، بۆیە بەم كارەی كردی، پارتى دەستی كرایەوە لهوهى كە وەك براوەی یەكەمی هەرێمی كوردستان، پۆستی سەركۆمار بە شایستەبەشی هەڵبژاردنی خۆی بزانێت و لەگەڵ ئەو لایەنانەشی كە لێكتێگەیشتنیان هەیە، دەنگی زیاتر لە 180 پەرلەمانتار هەن كە ئەو ژمارەیەش بەسە بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی پارتی“.
بڵند ئیسماعیل جەختی لەوە كردەوە كە پارتی لە هەرێمی كوردستاندا زۆرینەیە و دەتوانێت بەپێی شایستەبەشی هەڵبژاردن پۆستی سەركۆمار وەربگرێت، ”دەبێت یەكێتیش ئەو واقیعە قەبوڵ بكات و ناكرێ تا كۆتایی پارتی نەرمییان بەرامبەر بنوێنێت و ئەوانیش وەك هەمیشە دۆستی نیوەی ڕێگا بن“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەگەر یەكێتی پێیوایە دەتوانێت سیناریۆكەی 2018 دووبارە بكاتەوە، ئەوا هەڵەیەكی گەورە دەكات، چونكە ”ئەوكاتە بەپێی سەفقەیەكی ژێر بە ژێری نێودەوڵەتی و هەرێمی و لە بەرامبەر شتی تر، دەنگ بە بەرهەم ساڵح درا و كرایە سەركۆمار، بەڵام ئەمە بۆ قۆناغی ئێستا خهیاڵه و جارێكى تر دووباره نابێتەوە“.
باسیشی لەوە كرد كە یەكێتی كێشەی بەرهەم ساڵحی هەیە و ”دەترسن لەوەی ئەگەر كاندیدی نەكەنەوە، حزبێكی تر دروست بكاتەوە، چونكە ئەو پیاوە فێری سەفەقاتی سیاسی بووە و حزب دروست دەكات و هەڵیدەوەشێنێتەوە، تەنیا لە پێناو وەرگرتنی پۆست، بۆیە یەكێتی نازانێ چی لە بەرهەم ساڵح بكات“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كاندیدەكەی یەكێتی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، لە ماوەی رابردوو كە لە پۆستی سەركۆماردا بووە، ”زۆرجار پرسیاریان لەبارەی ئەوە لێ كردووە كە لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا كێ خەتابارە؟ گوتوویەتی خەتای هەرێمی كوردستانە، تەنیا بۆ ئەوەی جێی خۆی لە بەغدا خۆش بكات“.