بەرهەم ساڵح دەكشێنرێتەوە و عەدنان موفتی چانسی سەرۆكایەتیی هەیە


 لەناو مەكتەبی‌ سیاسیی یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، دەنگی‌ ناڕەزایی‌ لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی‌ سەرۆك كۆماری‌ عێراق بەرز بووەتەوە، هاوكات هاوڕاییەكی پتەویش لەبارەی عەدنان موفتی هەیە كە بكرێت بە كاندیدی سەرۆكایەتیی كۆمار، كەمێكی تر لە پیرمام پێشهاتی نوێ دەبێ.



بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەك لە ئەندامانی‌ مەكتەبی‌ سیاسی كە كۆنەكانیان پێ دەڵێن، لەگەڵ ئەوەن بەرهەم ساڵح بگۆڕێ‌ بۆ ئەوەی‌ كێشەكان چارەسەر ببن و هەڵبژاردنەكە لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێ‌ و كوردیش لەبەر یەك كەس ریزی خۆی تێك نەدات.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار  راگەیاند، دوێنێ سێشەم لەناو یەكێتی باسی پۆستی سەرۆك كۆمار گەرم و پڕ مشتومڕ بوو، بەتایبەت بۆ ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بۆ چارەسەر سەردانی سەرۆك بارزانی بكات و لەسەر كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ پۆستەكە رێك بكەون، چونكە یەكێتی دڵنیا بووە لەوەی بەرهەم ساڵح دەرناچێتەوە.

ئاماژەی دا، "لە گفتوگۆكانی ناو یەكێتیدا چەند ناوێك دەهاتن، بەڵام زۆرینە لەسەر عەدنان موفتی كۆكن و پێمان وایە، پارتیش كێشەی لەسەری نابێت، بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەگەر بارزانی ئۆكەی بدات، بازەكە لەسەر شانی موفتی دەنیشێتەوە".

چەند رۆژێكە عێراق سەرقاڵی‌ كاندیدانی‌ سەرۆك كۆمارە، بەرهەم ساڵح كە ناڕەزایی عێراقییەكانی‌ لەسەرە و لەلایەن یەكێتییەوە كاندید كراوە، بەبێ‌ ئەوەی‌ ئۆكەی‌ پارتی‌ لەسەر بێ‌، تووشی بەربەرستێكی تریش هاتووە لەناو حزبەكەی ئێستەیدا، لە كاتێكدا لە بەغدا بە روونی‌ بە بافڵ تاڵەبانی‌ راگەیەنرابوو كە سەرۆك بارزانی‌ سەرۆك كۆمار دیاری‌ دەكات. 

بافڵ تاڵەبانی‌ ئێستە رووی كردووەتەوە بارەگای بارزانی، هەردوولا بەدوای ئەوەن ئەو دۆسیەیە یەكلا بكەنەوە و كورد بە یەك كاندید بچێتە كێبەركێی سەرۆكایەتییەوە.

عەدنان موفتی ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بەڵام لە ساڵانی رابردوو لەبەرئەوەی یەكێتی زۆر گەنج بووەوە و هەڵەشە بوو لە سیاسەتدا، خۆی دوور گرتووە لە بەشداریی راستەوخۆ.

موفتی لە رابردوودا رۆڵی جیاوازی بینیوە، دیارترین سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بووە و لە بنەماڵەیەكی سەنگین و ناسراوی هەولێرە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال