شەڕەكەی شنگال فراوان دەبێت


 شەڕەكەی نێوان سوپای عێراق و پەكەكە لە سنووری شنگال فراوان دەبێت، سوپای عێراق لە سێ‌ لاوە گەمارۆی پەكەكەی داوە، تا سەعات 12 شەو كات هەیە لە بەردەم پەكەكە چەند بازگەیەك چۆڵ بكات.


لە ئێوارەی دوێنێوە گرژی و پێكدادان لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە لە سنووری شنگال دروست بووە، سوپای عێراق بارەگای سەرەكیی ئاسایشی پەكەكەی كۆنترۆڵ كردووە، ئێستە هەڕەشە لەو چەكدارانە دەكات كە پێویستە سێ‌ شوێنی تر ڕادەست بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی نیسان، ئارزین شنگالی چالاكی مەدەنی،  راگەیاند، لە ئێوارەی دوێنێوە دۆخی شنگال زۆر خراپە و ئەگەری پێكدادانی تری چەكداری هەیە.

زیاتر گوتی، ئەو هاووڵاتییانەی لە شنگالن، داوای دەرچەی چوونە دەرەوەیان كردووە تا زیانیان پێ نەگات، ئێستەیش سوپای عێراق جووڵەی لە سەرجەم شەقامەكانی دەرەوەی شارۆكەكە پەكخستووە و ڕێ نادات پەكەكە هیچ جووڵەیەك بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كەوتوون، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق، هێرشی كردە سەر بازگەی جدادی ئاسایشی ئێزیدخان و تا سەعات شەش شەڕ بەردەوام بووە، هەروەها ئێستە هێزێكی زۆری سوپا لە گەلی شیلۆ و سكنێ ئامادەن، بەو هۆیەشەوە شەڕێكی سەخت دروست بووە و تا سەعات هەشتی بەیانی بەردەوام بووە.

شەوی ڕابردووش سوپای عێراق بارەگاكانی ئاسایشی ئێزیدیخانی لە شارەدێی سنوونێ و كۆمەڵگەی خانەسۆر گەمارۆ دا و داوای خۆڕادەستكردنی لێ كردن، تا ئێستەیش گرژییەكان لە سنوورەكە بەردەوامە.

لە نوێترین هەڵوێستی سوپای عێراق، ئێستە داوای چۆڵكردنی سێ‌ بازگەی لە پەكەكە كردووە و تەنیا تا سەعات 12 شەو كاتی پێ داون.
أحدث أقدم

نموذج الاتصال