خەڵكی سلێمانی لەدەست دزی و سەرانە سەندنی یەكێتی شارەكە جێ دەهێڵن
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: گەنجان دەچنە هەندەران و دەوڵەمەندان سەرمایەكانیان دەگوازنەوە
ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، سەرمایەدارانی دەڤەرەكە لەدەست دزی و سەرانە سەندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی، ئه‌و شاره جێ ده‌هێڵن..
زیاد کاکه ره‌زا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: ”له سلێمانی ژیان بۆ خه‌ڵک فه‌راهه‌م نه‌کراوه، ئه‌و داهاته‌ی هی شاره‌که‌یه به عه‌داله‌ت و یه‌کسانی پڕ نه‌کراوه‌ته‌وه و دابه‌ش نه‌کراوه، به‌و هۆیه‌وه خه‌ڵکێکی زۆری نیگەران کردووه، ئه‌گه‌ر سه‌یری ئامار و داتا‌کان بکه‌ین، دەڤەری سلێمانی له چوونی گه‌نجان بۆ هەندەران و کۆچی سه‌رمایه‌داران بۆ شاره‌کانی دیکه له پله‌ی یەكەمدایە، زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له ڕێگەی بیلاڕووسیاوە چوونە ئەورووپا، خه‌ڵکی سلێمانی بوون، هۆکاره‌که‌ش ئه‌وه‌یه که ئیداره‌یه‌کی خراپ له سلێمانی شارەكە بەڕێوە دەبات، نه‌مانی داهات و پاره‌ی بانكەكان و چەندان كاری دیكە، وایكردووە خەڵكی لە شارەكە بڕۆن.“
بە بڕوای كاكەڕەزا: ”ئەگەر ژیان لە سلێمانی مسۆگەر بوایە و ئەم دۆخە نەبوایە كە لەسایەی خراپ ئیدارەدانی شارەكەوە دروست بووە، ئەو هەموو سەرمایەدار و بازرگانە بۆچی دەچوونە دەرەوە؟ بەڵام سەرمایەداران سەرمایەكانیان لە شوێنێك ناهێڵنەوە كە شەڕ و ئاژاوە و شكستی ئیدارەی تێدا بێت.“
گوتیشی: ”بە قسەی خودی بەرپرسانی یەكێتی له سلێمانی، به‌شێکی زۆری سه‌رمایه‌دارە زەبەلاحەكان، سه‌رمایه‌کانیان له سلێمانی گواستووەتەوە بۆ پارێزگاكانی دیکه، بەتایبەتیش دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمووز و بێهیوابوونیان لەوەی سلێمانی جارێكی دیكە دۆخی ئاسایی ببێتەوە.“
لەوەتەی ٨ی تەمووزی ٢٠٢١ و دەستپێكردنی سەردەمێكی دیكتاتۆرانەی بافڵ تاڵەبانی، لە كاتێكدا بانگەشەی كەمكردنەوەی دزی و قاچاخچێتی و ئەو كوشتوبڕەیان دەكرد كە لەسایەی تاقمەكەی لاهوور جەنگی لە شارەكەدا هەبوون، كەچی ئەو دیاردانە نەك كەم نەبوونەوە، بەڵكوو ئەمجارە بەبێ ڕەچاوكردنی هیچ یاسا و ڕێسایەك، تەنانەت دەستیان بۆ ئەو بڕە پارەیەش برد كە پێشتر لە داهاتی سلێمانی دەدرا بە بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی شارەكە، بەم هۆیەشەوە مووچەخۆرانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچەیان پێ نادرێت و خانەنشینان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە گیان لەدەست دەدەن.