بەرپرسێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكرای دەكات، ژماریەكی زۆر كەمئەندام هەیە، كە مووچەی 100 بۆ 150 هەزار دیناریان هەیە و فۆڕمی (بەرحەیات)یان پڕ نەكردووەتەوە، دەشڵێت: "وادەی پڕكردنەوەی فۆڕم كۆتایی دێت و ئەوەی پڕی نەكاتەوە، چاودێریی دارایی عێراق كێشە بۆ مووچەكەی دروست دەكات."
یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " ئەو فۆڕمەی، كە ناسراوە بە (بەرحەیات)، دەبێت مووچەخۆرانی كەمئەندام پڕی بكەنەوە، 22ی1ی 2024، وادەكە كۆتایی دێت و تاوەكوو ئێستاش ژمارەیەكی زۆری كەمئەندام ماون فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە و ئەگەر پڕی نەكەنەوە، كێشە بۆ مووچەیان دروست دەبێت."
ئاماژەی بەوەش دا: "لە هەوڵ دابووین ماوەكە بۆ چەند ڕۆژێکی دیكەش درێژ بکەینەوە، بۆ ئەوەی کەمئەندامان هەموویان سەردانمان بکەن و چاودێریی دارایی عێراق کێشە بۆ مووچەی هیچ کەمئەندامێك دروست نەکات، چونكە ئەو فۆڕمە بۆ ئەوان دەنێردرێت."
ئەوەشی گوت: " بڕیار بوو سبەی دووشەممم وادەکە كۆتایی بێت، بەڵام بۆ ماوەی یەك هەفتەی تر درێژ كرایەوە و لە دووشەمەی هەفتەی داهاتوو دەكاتە 29ـی كانوونی دووەمی 2024 كۆتایی دێ."
ئەم فۆڕمە لە سەر داوای دەستەی چاودێری دارایی عێراق پڕ دەکرێتەوە و هەر کەمئەندامێک فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە، مووچەی کەمئەندامیەکەی ڕادەگیرێت.
بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەیش ئێستا بەشێكی زۆری ئەوانەی مووچەی كەمئەندامییان هەیە، فۆڕمەكەیان پڕ نەكردووەتەوە.
یووسف چاوشین روونیشی كردەوە، بۆ ئەوەی فشار كەمبێتەوە و خەڵك ماندوو نەبێت، لە 16ی 1وە دوو تیمی جیاواز لە بەیانییان تاوەكوو كاتژمێر 4:30ی ئێوارە كار دەكەن و بنكەیەكی دیكەش بۆ مامەڵەكان زیاد كراوە.
ئەو فۆڕمەی ئێستا، كە بۆ مووچەی كەمئەندامان پڕ دەكرێتەوە، ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە، كە مووچەی كەمئەندامییان هەبووە و ئێستا وەكوو دەرماڵە لەبری كەمئەندامی چووەتە سەر مووچەكانیان.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئاشكراشی كرد: "ئەو فۆڕمە تەنیا ئەو كەمئەندامانە دەگرێتەوە، كە سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتین، ئەمانەش دوو بەشن، ئەوانەی 150 هەزار دینار مووچەیان هەیە و هیچ مووچەیەكی دیكەیان نییە، هەروەها ئەوانەیشی خانەنشینن، یان میراتگری شەهیدانن، كە مووچەیان 100 هەزار دینارە."
زیاتر لە 76 هەزار كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچەكانیان لەسەر وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە و 24 هەزار كەسیان لە هەولێرن.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو كەمئەندامانەی فەرمانبەرن، مووچەی كەمئەندامییان لای ئێمە نەماوە، ئەو فۆڕمە نایانگرێتەوە. دەشڵێت: "ئەم فۆڕمە هیچ پەیوەندی بە مووچە زیادبوونەوە نییە، بەڵكوو لەسەر داوای چاودێریی دارایی عێراق پڕ دەكرێتەوە."
رۆژی 6ی1ی 2024، دڵشاد خۆشناو، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمەڵەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرجەم ئەو کەمئەندام و کورتەباڵا و خاوەن پێداویستییانە ئاگادار دەکەینەوە، کە مووچەیان ھەیە، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بکەن، بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمێکی زانیاری، سەبارەت بەو کەسانەی لە ژیاندا ماون، ئەو فۆڕمە بۆ ئەوەیە بزانرێت، کە ئەوانەی مووچە وەردەگرن لە ژیاندا ماون یان نا، چونکە هەیە لە ژیاندا نەماوە و مووچەیشی وەردەگیرێت."