بافڵ تاڵەبانی بەشداربووە لە هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر و بە ئامانج گرتنی ماڵی پێشڕەو دزەیی
دەرکەوت هێرشەکەی سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە بووە، ئەوەیشی زانیارییە هەڵەکانی داوە ستافێکی ئیتڵاعاتی ئێران و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بوون
شەوی 15 لەسەر 16 ی ئەم مانگە، سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر هەولێر، زیاتر لە 10 مووشەکی بالیستیی ئاراستەی پایتەختی کوردستان کرد، لە ئەنجامدا خێزانی سەرمایەدارێکی هەولێر شەهید بوون، کە هەریەک لە شەهید پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی بوون و ژن و دوو کوڕیشی بریندارن، جگە لەوەی میوانێکیان گیانی لە دەست دا.
ئەو هێرشە لە ئاستی ناوخۆیی و وڵاتانی دنیا سەرکۆنە کرا، هێشتاش خۆپێشاندان بۆ سەرکۆنەی ئێران بەردەوامە.
ئێران تووشی زیانی گەورە بووە
بەهۆی ئەو هێرشەوە ئێران رووبەڕووی کارەساتی گەورەی ناوخۆیی بووەتەوە، چونکە دەرکەوتووە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە هێرشەکەی ئەنجام دا.
دوای ئەو هێرشە ئێران بڕیاریداوە، تەواوی ستافی ئیتڵاعات لە سنووری سلێمانی بگۆڕێت، چونکە سەرچاوەی یەکەمن لەوەی ئێرانیان تووشی ئەو کێشەیە کردووە.
ئێران لەوەیش تووشی کێشە بووە کە راستەوخۆ بەرپرسیارییەتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند، چونکە ئەوەی پاسداران چاوەڕێیان دەکرد وا دەرنەچوو و ئێستەیش لەژێر گوشارێکی گەورەن.
بافڵ تاڵەبانی وەک سەرچاوەی زانیاریی هەڵە
هاوشانی تیمەکەی ئیتلاعات بافڵ تاڵەبانیش رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە پێدانی زانیاری بە سوپای پاسداران، بەڵام زانیارییەکەی ئەمیش هەڵە دەرچوو.
سەرچاوەیەکی نهێنی لەناو سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان، بە ئاڤاتودەی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەشدار بووە لە دوایین هێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر.
لەپاڵ ئەوەدا، دوێنێ فەرید ئەسەسەرد سەکردە لەناو یەکێتی لە لێدوانێکدا گوتبووی، ئێران هەڵە ناکات بەڵام رەنگە زانیاریی هەڵەی پێ درابێت.
ئەوە گومانەکان لەسەر سیخوڕیی یەکێتی و سەرۆکەکەی بۆ ئێران زیاتر دەکات.