جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق شاخەوان عەبدولڵا ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەکیان لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوور بێت لە ناکۆکی سیاسی، دەشبێت بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان تایبەت بەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە.
دووشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2024، شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی: بە سەرۆکی دادگای فیدراڵیمان گوتووە دەبێت بە زوترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت و کار بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکرێتەوە، هاوکات پرسی مووچە لە ناکۆکی سیاسی دوربخرێتەوە.
گوتیشی: سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەختی لەوەکردوەتەوە کە دەبێت بریارەکەی دادگا وەکو خۆی جێبەجێبکرێت و مووچەی فەرمانبەران لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە مانگانە بەبێ دواکەوتن دابەشبکرێت.
لە کۆبوونەوەکە بریاردراوە کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و فراکسیۆنەکان رێکبخرێت تاوەکو بگەنە چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.