حکومەتی عێراق بڕیار دەدات بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بڕی دوو تریلیۆن و 280 ملیار دینار خەرج بکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12، بۆ هەر مانگێک بڕی 760 ملیار دینار وەکو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، واتە بە کۆی گشتی دەکاتە دوو تریلیۆن و 280 ملیار دینار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 10 پێویستی بە 996 ملیار دینارە، بەم پێیە بڕی 236 ملیار دینار کورتهێنان دروست دەبێت، بۆ هەرسێ مانگیش قەبارەی کورتهێنان دەبێتە 708 ملیار دینار.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێكبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە و ئامادەكردنی حیسابی کۆتایی، پێویستە لیژنەکە لە ماوەی كەمتر لە 10 ڕۆژدا ڕاپۆرت ئامادە بكەن.