سەرۆک بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی گرنگ و تایبەتدا، لەگەڵ کەناڵی (سکای نیوز عەرەبی) باسی لە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حكوومەتی هەرێمەکە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و گفتوگۆکانی ھەردوولا بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی کرد.
سەرۆک بارزانی، لە دەستپێکدا باسی لە هەڵبژاردن پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: زۆر لایەن وایاندەزانی هەڵبژاردن ناکرێت، ئەگەر بشکرێت کێشەی زۆری لێ دەکەوێتەو، بەڵام هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەڕێوە چوو، ڕێژەی بەشدارییکردن دەستکەوتێکی گەورە بوو خەڵکی کوردستان سەری ئێمەیان بەرز کرد
ئاماژەی بەوە دا، شاندێكمان هەیە، تایبەتمەندە بە پەیوەندییکردن بە لایەنەکان لە نێویشیان یەکێتیی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت. هەنگاوی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانە، دوای ئەوە هەنگاوەکانی دیکە دەنرێن، 10 ڕۆژمان لە بەردەمە، لێژنەکە دەست بە جمووجۆڵ دەکات، ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە: هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکانیش ڕوونن، ئێمەش پشت بە سیاسەتی هەڵبژاردن دەبەستین. پۆستە سەرۆکایەتییەکان شایستەیی هەڵبژاردنن، نە مەرج لە کەس قبووڵ دەکەین، نە مەرجیش بەسەر کەسدا دەسەپێنین، دەبێت ئەوە ڕوون بێت، کە یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو هەبێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش ڕوونن و دەبێت پێوە پابەند بین.
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە دەڵێت: یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پەیوەندیی بە سازشەوە نییە، بەڵکوو پڕۆگرامێکی بەردەوامە، وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێوەدەڵەوتیی، تا ئێستاش بەشێکی زۆری هێزەکان یەکخراونەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە. هەموو ناوکۆکییەکی ناوخۆیی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە و کار بۆ تێپەڕاندنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان دەکەین.
هاوکات سەرۆک بارزانی، باسی لە دەستووری عێراق کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بۆ نووسینەوەی دەستوور داڕشتەیەکی ئامادە هەیە و تەنیا چەند بڕگەیەک نەبێت، لە ماوەیەکی کەمدا بە داڕشتەی کۆتایی دەستوور دەگەین، چونکە ماوەیەکی زۆرە کاری جیددی بۆ نووسینەوەی دەستوور کراوە.
سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند: دڵنیاییمان وەرگرتووە کە ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوچە کوردستانییەکانەوە نییە، ئەوانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و ئامانج لە سەرژمێریی گەشەپێدانە. هەندێک خاڵی ڕوون هەبوون دوای گفتوگۆ ئەوانیش چارە کران.
سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، باسی لەوە کرد، سەردانم بۆ بەغدا دوای 6 ساڵ بوو، بەربەستی دەروونی تێک شکاند، لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەکردنی کێشەکان ڕێککەوتین و لێژنەی تایبەتمەندیش لە کارەکان بەردەوامە. بە گشتی سەردانەکە کەشێکی ئەرێنی لە بەغدا و لە هەولێر درووست کرد. ئێستا کرانەوە لە پەیوەندییەکاندا هەیە و پەیوەندی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش باشە، بەڵام هێشتا هەندێک کێشە ماون و پێویستییان بە چارەیە. ناکۆکییەکان بێ چارە نییە ئەگەر نیاز و ئیرادە هەبێت بە ئاسانی کێشەکان چارە دەکرێن.
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، هەندێک لایەن هەوڵی لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستانیان داوە، ئەم ئاڕستەیەمان بینیووە، بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیە و دەبێت دەستوور ناوبژیوان بێت هەر بڕیارێکی فیدراڵی پێچەوانەی دەستوور بێت ڕەتی دەکەینەوە. هەروەها لەبارەی نەوت و گازەوە دەڵێت: نەوت و گاز موڵکی هەموو خەڵکی عێراقن و دەبێت بە دادپەروەریی دابەش بکرێن، لە بەغدا کەسانێک هەن باوەڕیان بە دەستوور نییە و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان پەراوێز بخەن. ئێستە بەرەوپێشچوون هەیە و هیوادارین ئەم کێشەیە چارە بکرێت.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کە دەبێت سەرژمێی پشکی هەرێم لە بوودجەدا بگۆڕێت، 12% پشکێکی نادادپەروەر و نایەکسانە، هەرچەندە هەرێم ئەوەشی قبووڵ کردەوە، کەچی یاری پێ دەکرێت و وەکوو خۆی پێشکەشی هەرێم ناکرێت. کێشەکە ئەوەیە، پابەندیی ورد بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان نییە.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوننە و شیعە، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ سوننە و شیعە باشە، سوننەکان دوای 2003 لە گۆڕانکاریی تێنەگەیشتن، زۆر هەوڵم لەگەڵیاندا و پێشنیازی زۆرم بۆ کردن، ئێستا تێدەگەن ئەگەر کاریان بەو پێشنیازانە کردبا بارودۆخیان جیاوازتر دەبوو، لە سەردانەکەم بۆ بەغدا لەگەڵ سوننەکان کۆ بوومەوە، برایانی شیعە داوایان لێکردم هەوڵیان لەگەڵ بدەم، بۆ ئەوەی یەک کەس بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کاندید بکەن، بەداخەوە ئەوان لە نێوان خۆیان ڕێکنەکەوتن و دواجار زۆرینە گەیشتنە ئەوەی مانەوەی ئەو پۆستە بە بەتاڵی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە، بە دووری دەزانم هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، محەممەد شیاع سوودانیش مافی خۆیەتی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت کاندید بکاتەوە، پڕۆگرامی حکوومەت، پرۆگرامی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتە و حکوومەت جێبەجێی دەکات. هەروەها دۆخەکە پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە و خۆی کاتێکی کەمی ماوە.
سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە کشانەوەی سەدر کرد لە پرۆسەی سیاسی و گوتی: نەم دەویست ڕەوتی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیی و پەرلەمان بکشێتەوە، چونکە کشانەوەیان بۆشایی درووست کردووە، ئامادەم دەستپێشخەریش بۆ گەڕانەوەی سەدر بکەم، ئەگەر ئەنجامی هەبێت.
لەبارەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنیش، سەرۆک بارزانی پێی وایە، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێک بووەتە عەیبەیەکی گەورە، لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانە خەڵکیش سەری لێ شێواوە. باشتر وایە لەسەر یەک یاسا بمێننەوە.
سهرۆك بارزانی له بارهی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و توركیاوه ڕایگهیاند:جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پەکەکەدا هەیە، ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێش 50 ساڵ هاتوونەتە عێراق، ئەوان دەستیان لە کاروباری ناوخۆیی هەرێم وەرنەداوە، ڕێزیان لە یاساکانی هەرێم گرتووە، هەندێک پێگەی سادەیان لەسەر سنوورەکان هەبوو، ئێرانییەکان پێیان وابوو ئەو پێگانە هەڕەشەن بۆ سەر ئەوان، ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان هەرێم و عێراق و ئێران کرا، بەوەی کە دەتوانین ئەو هێزانە لە ناوچانە بکشێنینەوە کاتێک قسەمان لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە کرد، بەو پەڕی سینەفراوانی وەڵامیان دایەوە و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتیان کرد و کێشەکە کۆتایی هات. بەڵام پەکەکە پێیان وایە حووکمی ناوچەکە دەکەن، گوێڕایەڵی هەرێمی کوردستان نین و دانیشی پێدا نانێن، داواکارییەکانیش جێبەجێ ناکەن.
گوتیشی: ئەگەر پەکەکە وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران مامەڵە بکەن لە 24 کاتژمێردا کێشەیان لەگەڵ تورکیادا چارە دەبێت. ئێران و تورکیا دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانن، لە بەرژوەندیی ئێمەدا نییە پشێوی لە پەیوەندییەکاندا هەبێت نائاسایی بن، ئێستە پەیوەندییەکان بەرەوباشترن. نامانەوێت پەیوەندییمان لەگەڵ کەس خراپ بێت بەڵام، ئێمە خاوەن بنەمایەکین هەرچی ڕووبدات دەستبەردای نابین، هەرگیز رێگە بە هیچ کەسێک نادەین دەست لە کار و بڕیاری ئێمە وەربدات.
سەرۆک بارزانی، لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەڵێت: لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە دووچاری شەڕ ببێتەوە، هیچ سوودێک لە شەڕدا نییە و زیانمەندی یەکەم عێراقە و هێرشەکانیش بێهوودەن.
لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕێکخراوی داعش، سەرۆک بارزانی گوتی: تا ئێستا داعش هەڕەشەیە، ئەگەر پێش ئامادەیی تەواوی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە، هاوپەیمانان بکشێنەو ڕەنگە داعش بگەڕێتەوە و بەهێزتریش بێت، تا ئێستە داعش ماوە و مەترسییەکی جیدییە بەبێ پشتییوانی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتیی نەماندەتوانی بەو شێوازە بەسەر داعش سەرکەوین، عێڕاق لە ڕووی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زۆر لاوازە یاخود هەر نییە، پێویستمان بە توانای ڕاستەقینەیە.