سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "بڕیارە سبەی پێنجشەممە وەزارەتى دارایی فیدراڵ پارەى مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان بنێرێت و لە هەفتەى داهاتوودا لیستى دابەشکردنى مووچە رابگەیێندرێت."
بە گوێرەى زانیارییەکان دەبووایە ئەمڕۆ چوارشەممە 27ى تشرینى دووەمی 2024 وەزارەتى دارایی فیدراڵ پارەى مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى هەرێمى کوردستان بنێرێت، بەڵام ناردنى پارەکە بۆ رۆژى پێنجشەممە 28ى تشرینى دووەم دواخراوە "ئەگەر هیچ کێشەیەکى تەکنیکى روونەدات".
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق گوتی: "بڕی ئەو پارەیەی بڕیارە سبەی بنێردرێت 760 ملیار دینارە، ئەگەر پێنجشەممە هەموو پارەکەش نەنێردرێت بەشێکى زۆرى دەنێردرێت".
مانگانە هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 998 ملیار دینارە بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بە هاوتاکردنەوە.
بە گوێرەى زانیارییەکان دواى ناردنى ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لیستى دابەشکردنى مووچەى مانگى تشرینى یەکەم رادەگەیێندرێت.
وەزارەتى دارایی فیدڕاڵى بڕیاریداوە سێ گوژمەى 760 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگەکانى 10 و 11 و 12 رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات کە بە هەرسێ مانگەکە زیاتر لە 700 ملیار دینار کورتهێنانى دەبێت، بە گوێرەى زانیارییەکان، ئەو سێ گوژمەیە مووچەى دوو مانگى پێدەدرێت، چارەنووسی مووچەی سێیەمیش هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.