وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 763ملیار و 146 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕیاری خەرجکردنی بڕە پارەکەی داوە و هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.
ناردنی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە 1ـی12.
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ مووچەی مانگەکانی یانزە و دوانزەش هەر ئەم برە پارەیە، واتە 763 ملیار دینار شتێک کەمتر یان زیاتر بنێرێت، بەهەمانشێوە لەم دوو مانگەش کورتهێنان دروست دەبێت.
ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی بەشی مووچە ناکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 996 ملیار دینار هەیە، بەمپێیە بڕی 233 ملیار دینار کورتهێنان دروست دەبێت.
وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە هەرێمی کوردستان خۆی بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە، بڕیاریشی داوە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت تاوەکو مووچەی مانگی 10 دابەش نەکرێت.
بەغدا بڕیاری خەرجکردنی 763 ملیار و 146ملیۆن دیناری داوە، بەڵام بڕی دوو ملیار دینار وەکو لێبڕینی سەتا دەی مووچەی بنەڕەتی خانەنشینی لەلایەن بەغدا دەگێڕدرێتەوە.